یانەی زاخۆ لە ڕێگەی KDPیەوە داوا دەکات بە گیانێکی وەرزشی و ھەستێکی نەتەوەییەوە دەنگیان پێبدەین

زاخۆ-KDP.info- دوای ئەوەی یانەی زاخۆ چالاکییەکی مرۆڤایەتی بۆ منداڵانی کەمدەرامەت و نەخۆشی درێژخایەن لە یاریگاکەیدا ڕێکخست، ھاندەرانی یانەی زاخۆ لەلایەن فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتیی "فیفا" بۆ خەڵاتی "THE BEST"ی ساڵی ٢٠٢٥ هەڵبژێردراون، سەرۆکی یانەی زاخۆش دەڵێ، وەرزش پەیوەستە بە گەشەسەندنی گەلانەوە، ھەموو ڕۆژێک وەرزش لە کوردستان بەرەو قۆناغێکی گەشاوەتر دەڕوات.
عەممار فەرھاد، سەرۆکی یانەی وەرزشی زاخۆ، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پاڵپشتی و دەنگدانی ھەریەک لە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ ھاندەرانی یانەی زاخۆ شانازی و ھاندانێکی گەورە بوو بۆ ئێمە، وەرگرتنی ئەم خەڵاتە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و میللەتی کورد. ھەروەھا یانە کوردییەکان و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا و بەشێک لە دانیشتوانی پارێزگای عێراق پشتیوانی یانەی زاخۆ دەکەن بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە.
سەرۆکی یانەی زاخۆ گوتیشی، سەرەڕای ئاستەنگ و قەیرانەکان، ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە پاڵپشتی ھەر چوار یانە کوردییەکەی خولی عێراقی کردووە، بەتایبەتی یانەی زاخۆ، ئەمەش دەرئەنجامی خەمخۆری سەرۆکی حکوومەتە کە یانەیەکی بچووکی کوردی لە سەرانسەری جیھان کێبڕکێ بکات بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی THE BEST.
عەممار فەرھاد داوا دەکات، لە ھەموو کوردێک، بە گیانێکی وەرزشی و ھەستێکی نەتەوەییەوە دەنگ بە یانەی زاخۆ بدەن، بە زووترین کات، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە لوتکەی ھاندەرانی جیھان.
دڵگەش باعەدری




