٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفین دزەیی بۆKDP.: پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیھان بەھێزە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ھەوڵی داوە فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بێت لە ناوچەکە، بۆیە ئێستا پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیھانی بەھێزە."

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت،"گرفت و قەیرانی زۆر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە، پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکە ڕوو بدات. ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ھەوڵی داوە فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بێت لە ناوچەکە، ھەر بۆیە ئومێد دەکەین ڕاسپاردەکانی لە ئەنجامی گفتوگۆی کۆڕبەندی مێپس ٢٥ لە دھۆک دەردەچن ببنە بیرۆکە و پڕۆژە لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە جێبەجێ بکرێت، بۆیە ھەر ڕووداوێک لە ناوچەکە دروست بێت کاریگەری لەسەر ھەموو ناوچەکە دەبێت، بۆیە گرنگە بیروبۆچوونی خەڵکی دیکەش وەربگرین."
سەفین دزەیی گوتیشی "ئەو کۆڕبەندە کە سەرکردە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومەتەکان و ناوەندە ئەکادیمییە عێراقییەکان و وڵاتانیش کۆبوونەتەوە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی پرسە ھەستیارەکان بکەین."
دەشڵێت "ساڵی ڕابردوو پەیکەربەندی تازەمان کردووە بەمەش نوێنەرایەتی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان زیادیان کردووە، بۆیە لەسەر بنەمای ھاندانی سەرمایەگوزاریی بیانی لە ھەرێمی کوردستان بەشداری چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانسی ئابووریمان کردووە، ئەوەش دەریدەخات پێگەی ھەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وجیھانی بەهێزە."

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار