سه‌رۆكی ھەرێمی کوردستان پێشوازیى له باڵیۆزى نوێى فینله‌ندا كرد

ھەولێر-KDP.info- پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2025/11/9 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئانتی بۆتکۆنێن، باڵیۆزى نوێى فینله‌ندا له عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى فینله‌نداى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد.
به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى پیرۆزبایى بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى به‌ڕێز بۆتکۆنێن، هه‌موو پشتگیرییه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ فینله‌ندا ده‌ربڕى.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز باڵیۆزى نوێى فینله‌ندا، خۆشحاڵیى خۆى به ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك باڵیۆزى وڵاته‌كه‌ى له عێراق نیشان دا و جه‌ختى له ئاماده‌یى و خواستى فینله‌ندا بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا، كرده‌وه.
دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو.




