شیرین بۆ KDP: ھاووڵاتیان دهزانن جگە لە پارتی ھیچ ھێزێکی تر ناتوانێ بۆیه دەنگ بە ٢٧٥ دەدەن

ھەولێر-KDP.info- کەسایەتیی دیاری سیاسی لە ھەرێمی کوردستان (شیرین فوئاد مەعسووم) پێی وایە، پارتی جیاواز لە حیزبەکانی دیکە، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی بانگەشەیەکی هێمن و ئارام بەڕێوە دەبات، بۆیە دڵنیام ھاووڵاتیان دەنگ بە لیستی ٢٧٥ی پارتی دەدەن، بۆ ئەوەی ئاسایش و ئارامی و ئاوەدانیش بەردەوام بێت، چونکە جگە لە پارتی، ھیچ ھێزێک ناتوانێ بەو جۆرە خزمەتی ھاووڵاتیان بکات.
شیرین فوئاد مەعسووم، کەسایەتیی دیاری سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، تایبهت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، ئەمجارە ھەر حزبە و جۆرە بەرنامەیەک و جۆرە نمایشێکی سەیری ھەیە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، کە زۆر لە حزبێکی مۆدێرن و سەردەمیانە دەچێ، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبێکی کوردستان بە فەرمانی سەرۆک بارزانی زۆر بە ئارامی و زمانێکی نەرم و ئاستێکی بەرز و خزمەتی گەل و نیشتمان لە ڕێگەی پڕۆژەکانییەوە بەشداریی بانگەشەی ئەمجارەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووە، چونکە پارتی نایەوێ بەڵێن بدات و نەتوانێت جێبەجێی بکات.
شیرین فوئاد مەعسووم گوتیشی، خەڵک ئازادە دەنگ بە کێ دەدات، بەڵام ئێمە پێمان وایە دەبێت لەسەر کاغەزەکانی دەنگدان، ھاووڵاتی پێش ئەوەی مۆری ھەڵبژاردن لە لیستێک بدات، بە ئارامی و ئازادی و ویژدانێکی زیندووەوە بیر بکاتەوە، کێ کارەبای ٢٤ سەعاتی و ئاو و ئارامی و پڕۆژەکانی ڕێگهوبان و بەنداو و پۆند و دروستکردنی دەیان قوتابخانە و کردنەوەی دەیان زانکۆ و نەخۆشخانە و پڕۆژەی ھاوچەرخ و دەیان خزمەتگوزاریی تری پێشکەش کردووە، با دەنگ بەو لیستە بدات، کە بە دڵنیاییەوە جگە لە پارتی و ھێزی پارتی و دەنگی پارتی، کە ئەو خزمەتانەی سەرەوەی کردووە، ھیچ لایەنێکی تر نییە بتوانێت ئەو کارانە بکات، بۆیە پێم وایە ھاووڵاتیان بەبێ بیرکردنەوە دەزانن دەنگ بە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن.
ئەو سیاسەتمەدارە هەروەها ڕوونیشی کردەوە، سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی گەلی کوردستان، بەردەوام لە کۆبوونەوەکان و دیدارەکانیدا ڕێنمایی ھاووڵاتیان و گەنج و لاوان و ئافرەتان و ھەموو چینەکان دەکات، کەوا بەشداریی ھەڵبژاردن بکەن و ئەو مافە سەرەتاییەی خۆیان جێبەجێ و تاقی بکەنەوە، بۆیە منیش دەڵێم بەڕاستی ھاووڵاتیانی کوردستان دەبێ ئەو خزمەتەی پارتی لە ناوچە جیاجیاکان ببینن، بۆ ئەوەی وڵات و خاک و گەلمان زیاتر پێش بکەوێ، ئەوا ھەمووان پێویستە لەسەرمان، پارتی لە بەغدا بەھێز بکەین و سزای نەیارەکانمان بدەین، بۆیە دەنگدانی ئەمجارە بۆ خودی پاشەڕۆژی ھاووڵاتیان و نەوەکانیان زۆر گرنگە، بەتایبەت ئەو گەنجانەی یەکەم جاریانە دەنگ دەدەن، زۆر گرنگە بە ھۆشیارییەوە دەنگەکانیان بدەنە پارتی و لیستی ٢٧٥، چونکە تەنیا ئێمە دەتوانین داھاتوویان بە ڕێڕەوێکی سەلامەت و گەشانەوەوە بونیات بنێین.
بڵند ئیبراھیم




