له KDPیهوه بزانه چۆن ڕیفۆرم لە پۆلیسی کوردستان دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- دوای نیوەڕۆی چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە یەکێک لەو لێژنانە کە بۆ پێداچوونەوە بە ئەرک و پەیکەر و شێوازی مامەڵە و ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای جەستەیی و هزری پۆلیسی کوردستان ڕاسپێردراون. وەزیری ناوخۆ لە سەرەتای کۆبوونەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەو دیدارە و پوختەیەکی لەسەر دونیابینی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕێزدار مسروور بارزانی بۆ شێوازی مامەڵەکردنی حکوومەت بە دامەزراوە و فەرمانبەرەکانی لەگەڵ هاووڵاتیان خستە ڕوو کە بریتییە لە پەیڕەوکردنی میتۆدی بەسەنتەرکردنی هاووڵاتی لە خزمەتگوزارییەکان. هەروەها باسی لە پێویستی پێداچوونەوەی جددی بە کەرتی پۆلیس کرد بە هەموو ئەرک و سێکتەر و بەرنامەکانەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و تێڕوانین و چاوەڕوانی هاووڵاتیانی کوردستان بگونجێت.
بۆ ئەم مەبەستە ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس هاوشان لەگەڵ لێژنەیەکی دیکەی باڵا کە بۆ ئەرکی ئامادەکردن و نوسینەوەی ڕێبەری کاری پۆلیسی لە کوردستان پێکهاتووە، بۆ ئەو ئەرکە ڕاسپێردراون.
وەزیری ناوخۆ لێژنەی ڕاسپارد کە بیرۆکە و وردەکاری ئەو پڕۆژەیە لەگەڵ کارمەند و ئەفسەران لەسەر ئاستی کوردستان لە ڕێی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و ورک شۆپ بەش بکرێت و ڕا و سەرنج و بۆچوونەکانیان بۆ دەوڵەمەندکردنی بە هەند وەربگیرێ. هەروەها سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو بە گونجاندنی لەگەڵ سروشت و ژینگەی کۆمەڵگەی کوردستان و پاڵپشتی ئاژانس و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەربگیرێ.
لە لایەکی دیکەوه وەزیری ناوخۆ جەختی لە پێویستی ئامادەکردن و ڕاهێنانی بەردەوامی جەستەیی و هزری بۆ کارمەندان و ئەفسەران کرد و ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، بەڕێوەبەرایەتییەکانی مەشق و شیاندن، بەڕێوەبەرایەتی و بەشەکانی ئاراستەکردن و ڕابەریکردنی مەعنەوی،و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کۆمەڵگەیی ڕاسپارد بۆ ڕێکخستنی خول و ڕاهێنانی بەردەوام. پێداچوونەوە بە پەیکەری گشتی پۆلیس، ئەرکەکان، بنکەکانی پۆلیس وەکو یەکەی بنەڕەتی کاری پۆلیس، سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن بۆ ئاسانکردنی ئەرکەکان، پەروەردەکردنی سەرکردە و دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی ئەرکەکان، و چەندین تەوەری دیکە بە وردی گفتوگۆیان لەسەر کرا.
ئامادەبووان بە پەرۆشییەوە سوپاسی بەڕێز وەزیری ناوخۆیان کرد بۆ ئەو کۆبوونەوە گرنگە و گفتوگۆکردن لەسەر وردەکاری بیرۆکە و پڕۆژەی چاکسازیکردن لە پۆلیسی کوردستان و سەرنجەکانیان بۆ قۆناغی ئایندە و دابەشکردنی ئەرکەکان خستە ڕوو.





