سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لهگهڵ شاندێكى كهنیسهى ئهرتۆدۆكسى ڕووسى كۆبووهوه

ھەولێر-KDP.info- بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٥/١٠/١ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی ڕووسی بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەتران ئەنتۆنی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینیی کەنیسەکە کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەڕێز کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دۆخی پێکھاتەکان بەتایبەتی مەسیحییەکان لە ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسی لەگەڵ کۆمەڵگە و کەنیسە مەسیحییەکان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، تاوتوێ کران.
شاندی ناوبراو کە ھەفتەی ڕابردوو بۆ بەشداریی لە کۆنفرانسێکی کەنیسەی ڕۆژھەڵاتیی ئاشووری سەردانی ھەولێریان کردبوو، خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی، ھەروەھا ستایشی پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانیان لە ھەرێمی کوردستان کرد و سوپاس و پێزانینیان بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانیان دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، وێڕای بەخێرھێنان و دەربڕینی خۆشحاڵی بە سەردانەکەیان، سەردانەکەی بە نیشانەیەکی گرنگی پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان لە قەڵەم دا. بەڕێزیان ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان شانازیی بە کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی لەنێوان پێکھاتەکاندا دەکات و ھەمیشە پارێزەری ئەو کولتوورە دەبێت.
دیدار و چاوپێکەوتنەکانی شاندەکە لەگەڵ نوێنەرانی پێکھاتە ئاینییەکان لە ھەرێمی کوردستان، قۆناغەکانی پەیوەندییی مێژووییی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕووسیا، گرنگیی گفتوگۆ و دیداری نێوان پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەرەوە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.





