٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا خرایە بەرباس

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە ھەولێر کرد، لە دیدارەکەدا دوایین ھەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی دووبارە یەکخستنەوەی یەکە و ھێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە و ھەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی یەکخستنەوە خرایە بەرباس.

ئەمڕۆ ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٥ فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک بەرپرسی نووسینگەی ھاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە ھەولێر کرد. 

لە دیدارێکدا، کە لیوا روکن ھۆشمەند حیدەر جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە و لیوا روکن محمد سعید بەڕێوبەری ھەماھەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەیبوون، دواین ھەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی دووبارە یەکخستنەوەی یەکە و ھێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە و ھەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی یەکخستنەوە خرایە بەرباس.

لە تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارەدا، قۆناغەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا خرایە بەرباس و ھەردوولا بە بایەخەوە باسیان لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرد و ھاوڕا بوون لەسەر جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی ناو کارنامەکە، سەرۆکی ئەرکان دووپاتیکردەوە: وەزارەتی پێشمەرگە پابەندە بە پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و بەردەوامیش دەبن تاکوو پڕۆسەکە بەتەواوی بە ئەنجام دەگەیەنن. 

لە کۆتایی ئەو دیدارەدا ھەردوولا کۆکبوون لەسەر ھەماھەنگی و گرنگیدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئەمەریکا و ھێزی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ھەرێمی کوردستان بۆ بەئەنجام گەیاندنی کۆی ئەو پرۆسەیەی کە وەزارەتی پێشمەرگە بە پاڵپشتی تەواوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھاوکاری ھێزی ھاوپەیمانان لەناو پرۆژە یاسای چاکسازی بۆ ڕێکخستنەوەی ھێزەکان کاری لەسەر دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار