ھۆڵەندییەکانیش ھاتوون...بزانە لە چ بوارێکدا وەبەرھێنان دەکەن؟

ھەولێر -KDP.info- نزیکەی ١٠ کۆمپانیای ھۆڵەندا لە ھەرێمی کوردستانن، دەیانەوێ لە ھەرێمی کوردستان لە چەند بوارێک بازرگانی بکەن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئامادەیی نیشان داوە ئاسانکاری و ھاوکاریان بکات."
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "نۆ کۆمپانیای ھۆڵەندا سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکمان وەکو وەزارەت لەگەڵیان ئەنجام دا کە کونسوڵی ھۆڵەنداشیان لەگەڵ بوو، چەند لایەنی پەیوەندیداریان بینیبوو و سەردانی ژووری بازرگانی و سەردانی ئێمەشیان کرد، لەگەڵ کۆمپانیاکانیش کۆبوونەوەیان ئەنجام دا و تێیدا باس لەوە کرا، دەیانەوێت لە بواری بیناسازی، سەلامەتی، تەندروستی، ئاینی، تەکنەلۆژیا، بازرگانی و خۆراک کار بکەن، بۆیە کۆمپانیاکان دەیانەوێت بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن، ھەرێمی کوردستانیان زۆر بەدڵ بوو، ئێمەش وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری تەواومان بۆ ھەموو ئاسانکاری و ھاوکارییەک دەربڕی."
نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی "پەیوەندی بازرگانی ھەرێمی کوردستان و ھۆڵەندا زۆر باشە، ئەمساڵ زیاتر لە ٧٠ کۆمپانیا مۆڵەتیان لە ئێمە وەرگرتووە و پەینی کیمیاوی، ڤێتەرنەری، گول و خۆراکیان ھاوردە کردووە، ئێمەش داوامان کرد بێن لە ھەرێمی کوردستان کارگە دامەزرێنن و کاری بازرگانی بکەن، کارگەکانیش لە ھەرێم بەرھەمیان بۆ وڵاتانی ناوچەکە ڕەوانە بکەن، ئەوانیش ڕەزامەند بوون، بۆیە نەک تەنیا ئەو کۆمپانیایانە، بگرە کۆمپانیای دیکەش دەیانەوێت بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن، بۆیە ئێمە ڕێنماییەکانمان بۆ ڕوونکردنەوە کە کارگە دەبێتە ھی خۆیان و ماوەی ١٠ ساڵ باجیان لێ وەرناگرین و ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکەین، بۆیە خەریکی پەیوەندیکردنن بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگی بکەن و بێن کار بکەن."
بڵند ئیبراھیم




