٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایانی زانكۆ بۆ KDP: داستانی خواكوڕك به‌ هه‌وێنی ڕاپه‌ڕین هه‌ژمار ده‌كرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٣٧ ساڵ بەسەر داستانی بەناوبانگی خواکوڕک تێپەڕدەبێت و مامۆستایانی زانکۆش پێانوایە، داستانی خواکوڕک جگە لەڕووە سەربازیەکە لەڕووی سیاسیەوەش کاریگەری ھەبوو، ھاوکات پسپۆرێکی مێژووی عێراقیش دەڵێ، سەرۆک بارزانی دەیزانی ڕەوشی ئەوکاتی عێراق بەردەوام نابێت.

د. شێرزاد زەکەریا، پسپۆر لە مێژووی عێراق پەیوەست بە گوتاری سەرۆک بارزانی لە خواکوڕک، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: قۆناغێکی چارەنووسساز بوو، لەبەرئەوەی شەڕی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران شەڕێکی دەرەکی بوو، دوای وەستانی عێراق بە زیانێکی زۆر لەو شەڕە دەرچوو، ھەروەھا ئێرانیش زیانی زۆری بەرکەوت، ئەوکات سەرۆک بارزانی خوێندنەوەیەکی ستراتیژی ھەبوو لەبارەی شەڕی نێوان ھەردوو وڵات، ھەموو کاتێکیش کە وڵاتێکیش لەشەڕ دەردەچێت بۆخۆی لەھەندێ سەرکەوتن دەگەڕێ، بێگومان سەرۆک بارزانی ھەر ئەوکات دەیزانی عێراق بەرەو ئالۆزیەکی گەورە دەچێت و ڕەوشی سیاسی و ئابووری و سەربازی عێراق بەرەو ڕووخان بوو.

د. شێرزاد زەکەریا گوتیشی: ساڵی ١٩٨٨ و دوای سەرکەوتنی پێشمەرگە سەرۆک بارزانی لە مەیدانی شەڕەوە لە خواکوڕک پێشبینی ئەوەی کرد ڕەوشەکە دەگۆڕدرێت، لەبەر ئەوەی سەرۆک بارزانی باش دەیزانی عێراق لە خەیالدا دەژیت و ڕەوشی ئەوکاتی عێراق بەردەوام نابێت و خۆی لە شەڕێکی دیکەوە دەگلێنێ ئەوکات ھەموو پێشبینیەکان ئەوەبوون عێراق ھێرشی سەر تورکیا بکات، بەڵام دواتر عێراق ھێرشی کردە سەر کوێت و ئیدی پێشبینی سەرۆک بارزانی دروست دەرچوو ڕەوشەکە گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینی.

ھاوکات د. شوان خۆشناو، مامۆستای زانکۆ پێی وایە، ناوچەی خواکوڕک لەڕووی سەربازیەوە ناوچەیەکی ستراتیژیە، ناوچەی خواکوڕک دەکەوێتە دەڤەری برادۆست و سنووری سێ وڵاتەوە، ئەوانیش ئێران  و عێراق و تورکیا، ناوچەیەکی شاخاویە و لەڕووی جوگرافیاوە ناوچەیەکی ئێکجار سەختە و لەڕووی سەربازیەوە شوێنی سەربازی ستراتیژین، ئەوکات ڕژێمی پێشووی عێراق لە ڕۆژی ١٩ی تەممووزی ١٩٨٨ ھێرشی کردە سەر خواکوڕک و تا ٢١ی ئەیلوولی ھەمان ساڵ شەڕ بەردەوامی ھەبوو، پێشمەرگە توانی بە چەکی کەم و پێداویستی سەربازی سنوردار بەرەنگاری گەورەترین سوپای ئەوکاتی عێراق ببنەوە و داستانی خواکوڕک لەمێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا تۆمارکرا، پێشمەرگەش بەرگری کردوو و بەرپەرچی ھێرشی سوپای عێراقی دایەوە.

د. شوان خۆشناو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: لەڕووی سیاسیەوە پێشبینی سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەی خواکوڕک دەچێتە چوارچێوەی پێشبینی سیاسەتمەدارە گەورەکان، چونکە سەرۆک بارزانی گوتارێکی مێژووی پێشکەش کرد و تێدا ئاماژەی بەوەدا سەری پێشمەرگە بەقەد سەری چیا سەرکەشەکانی کوردستان بەرزە، دیارە بەھۆی شەڕ لەگەڵ ئێران ھێزەکانی عێراق دەستی بەسەر زۆر ناوچەی ژێردەستی پێشمەرگەدا گرتبوو، حکوومەتی عێراق چەندین فیرقە و لیوای سەربازی و ھێزەکانی مغاویر و کۆماندۆ پیادە و کەتیبەی مەیدانی بەشداربوون لەھێرشەکەدا، سەرەڕای ئەو ھەموو ھێزە چەکدارە بەکرێ گیراوەکانیش بەشداربوون و بە پشتیوانی فڕۆکەی جەنگی ھێرشیان کردە سەر دەڤەری خواکوڕک، ڕژێم لە خواکوڕک زیانی زۆری بەرکەوت، شەڕەکە لەڕووی سەربازی و سیاسی شەڕی خواکوڕک ستراتیژی بوو بایەخێکی گەورەشی ھەبوو، ئەو راستیەی سەلماند بە کۆتایی ھاتنی شەڕی نێوان عێراق و ئێران کۆتایی بە شۆڕشی کورد نایەت و بەپێچەوانەوە ھێزی پێشمەرگە دەتوانێت بەردەوامی بدات بە شۆڕش و بەرگری بکات، بەتایبەتی گوتاری سەرۆک بارزانی لە خواکوڕک چەندین پێشبینی کرد کە لەڕووی سیاسیەوە ئەو پێشبینیانە دەچنە چوارچێوەی پێشبینی سیاسەتمەدارێکی گەورە، کە ئاگاداری بارودۆخی ڕابردوو لەھەمان کاتدا ئاگادار لە دوخی ھەنووکەیی و داھاتوو، بینیمان پێشبینی سەرۆک بارزانی ھاتەجێ و لەدوای ساڵی ١٩٨٨ گۆڕانکاری ڕوویدا تا گەیشتە ئەوەی ڕاپەڕین دەستیپێکرد.

ھەروەھا ئاراس عەبدوڵڵا، شرۆڤەکاری سیاسی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمبارەوە وتی: بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بە کۆمەڵێک شۆڕش و داستانی گەورە تێپەڕیووە یەکێک لەو داستانە بەناوبانگانەش داستانی خواکوڕکە، داستانی خواکوڕک بە سیمبۆلی داستانەکان ھەژمار دەکرێت، چونکە ئەوکات حکوومەت شەڕی ئێرانی ڕاگرتبوو وایان دانابوو لە خەیاڵی خۆیاندا دەتوانن شۆڕشی گوڵانیش لەناو بەرن و کۆتایی بە شۆڕشی کورد بێنن، بەداخەوە حکوومەتی عێراق بۆ شاردنەوەی شکستی خۆی لە شەڕی ھەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران و کۆتایی ھێنان بە شۆڕشی کورد ھەموو ھێزەکانی بەرەو ناوچەی خواکوڕک برد و گەورەترین ھێرشی دەستپێکرد، کە جگە لە ھەموو جۆرە چەکێکی سەربازی ئەوکات ھەتا چەکی قەدەغەکراویش دژی پێشمەرگە بەکارھێنرا، بەڵام پێشمەرگە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی ھێرشەکەی دوژمنی تێکشکاند و گەورەترین سەروەری تۆمارکرد.

ئاراس عەبدوڵڵا، کە شارەزای سیاسی و یاسای عێراقە ڕوونیکردەوە: شکستی عێراق و سەرکەوتنی ھێزی پێشمەرگە لە خواکوڕک ڕەنگدانەوەی ھەبوو لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و ئیقلیمی، لەبەر ئەوەی ھێرشەکە گرەوبوو لەسەر مان و نەمانی شۆڕشی کوردی، ھەر لە خواکوڕک سەرۆک بارزانی گوتارێکی مێژوویی پێشکەش کرد و تێدا سەرۆک بارزانی دنیا بینی سەرۆک بارزانی خۆی بۆ ڕەوشی ئەوکاتی عێراق و ناوچەکە خستەڕوو، ھێندەی نەبرد دنیا بینی سەرۆک بارزانی بۆ ڕەوشەکە ھاتەدی و خواکوڕک بە ھەوێنی ڕاپەڕین ھەژمار دەکرێت و لەئێستاشدا گەلی کوردستان و ناوچەکە پێویستی بە دنیا بینی سەرۆک بارزانی ھەیە بۆ گۆڕانکاریی.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار