٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

١٨ھەمین فێستیڤاڵی بەرھەمی ناوخۆی دھۆک لە ١٥ی مانگ ئەنجام دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک ڕایدەگەیەنێت، ئامادەکاری بۆ ١٨ھەمین فێستیڤاڵی بەرھەمی ناوخۆ لە دھۆک دەکرێت، بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمی ناوخۆ بدۆزرێتەوە، کە ئەمساڵ نزیکەی ١٦٤ ھەزار تۆن بەرھەمی ناوخۆ لە دھۆک ھەناردەی عێراق کراوە و دھۆک بووەتە بازاڕێکی گرنگ بۆ دابینکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی بۆ عێراق.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ساڵانە لە پارێزگای دھۆک فێستیڤاڵی بەرھەمی خۆمانە ساز دەکرێت و ئەمساڵیش ١٨ھەمین فستیڤاڵ لە ١٥ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاریی تەواو کراوە، ئەوەش بۆ ناساندنی بەرھەمی ناوخۆی پارێزگای دھۆکە بۆ ئەوەی گلەیی جووتیاران بگاتە شوێنی مەبەست و ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆ ھاوردەکردنی لە دەرەوە قەدەغە دەکرێت و مەبەستێکی دیکەش ئەوەیە، کەرتی تایبەت بێت پڕۆژە ئەنجام بدات.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک باسی لەوەش کرد، ئەمساڵ دوو وەبەرھێنەر ھاتوونەتە پێش لە رێگەی دوو کارگەوە ترێی پارێزگای دھۆک وەردەگرن و بەپیشەسازی دەکرێت و پاکێجینگ دەکرێت و دواتر رەوانەی شارەکانی ھەرێم و عێراق دەکرێت و کۆگاکانیش دراون بە ئەوان، بۆ ئەوەی بەرھەمی جووتیاران وەرگرن، کە ئەمساڵ بەرھەمی ترێ دەگاتە ٦٠ ھەزار تۆن و ٢٥ جووتیاری ترێ و ١٥ جووتیاری ھەنگوین بەشدار دەبن لە فێستیڤاڵەکە و ئەمساڵ بەرھەمی دیکەش وەکو ھەنجیر و سماق و چەندین بەرھەمی تر بۆ فستیڤاڵەکە زیاد دەکرێن.

ئەحمەد جەمیل هەروەها گوتیشی، بازاڕی سەرەکیی ئێمە عێراقە و تاوەکو ١/٩ لە دھۆک نزیکەی ١٦٤ ھەزار تۆن بەرھەمی ناوخۆ ھەناردەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق کراوە، کە بەرھەمەکانیش جۆراوجۆرن وەکو تەماتە و خەیار و ھەنجیر و پەتاتە و بەرھەمی دیکە، ئەوەش لە ئەنجامی کارکردنی بەردەوام و پێدانی پەسەند بە جووتیارانە، کە ئەمساڵ ١٤ هەزار پەسەند بە جووتیاران دراوە بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بۆ عێراق، بۆیە ئەمەش ھەنگاوێکی باشە بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمی ناوخۆ، چونکە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە بازاڕ بۆ بەرھەمی جووتیاران بدۆزرێتەوە و ھان بدرێن زیاتر ڕوو لە کەرتی کشتوکاڵ بکەن و کاریش بۆ بەپیشەسازیکردنی بەرھەمی ناوخۆ دەکەین.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار