هەورامی و کونسوڵی قەتەر جەختیان لە برەودانی پەیوەندییەکانی ھەرێم و قەتەر کردەوە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە ھەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی قەتەر لە ھەرێمی کوردستان کرد، لە دیدارەکەدا ھەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی قەتەر ستایشی پێشکەوتنە ھەمەلایەنەکانی ھەولێر و ھەرێمی کوردستانی کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٣-٩-٢٠٢٥ د.ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە بەرێز مشعل عبداللە الھاجری ھەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی قەتەر لە ھەرێمی کوردستان کرد.
د.ھێمن ھەورامی و ھەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی قەتەر لە دیدارەکەدا بە وردی لەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی ئەم دواییانە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد، ھاوکات جەختیان لە برەودانی زیاتری ھەمەلایەنەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و قەتەر کردەوە.
ھەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی قەتەر ستایشی پێشکەوتنە ھەمەلایەنەکانی ھەولێر و ھەرێمی کوردستانی کرد و سەرسامی خۆی بە ئارامی و ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەکان دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەم ئارامی و پێشکەوتنە ھەمەلایەنە ھاوکاری زیاتری ھاتنی وەبەرھێنەرانی قەتەری و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و کەلتوورییەکانی نێوان ھەردوولا دەبێت.





