مەسرور بارزانی و ئیدوارد ئاڵگرن جەختیان لە کۆتاییهێنان بە هێرشی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردەوە

ھەولێر-KDP.info- ئهمڕۆ چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى لە شاندێکی سەربازیی بەریتانی بە سەرۆکایەتیی ئیدوارد ئاڵگرن، ڕاوێژكارى باڵای بهرگریى بهریتانى بۆ کاروباری ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و باكوورى ئەفریقا کرد.
لە کۆبوونەوەدا کە ئەندرو بیزلی، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و پتەوکردنی هەماهەنگی و هاریکاریی ئەمنی و سەربازی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و بەردەوامبوون و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیری و هاریکاریی شانشینی یەکگرتوو دەربڕی.
هەروەها جەخت لە پێویستیی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مسۆگەرکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و ڕێگریکردن و کۆتاییهێنان بە هێرشی تیرۆریستی و تێکدەرانەی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرایەوە.
دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.




