نێچیرڤان بارزانى: هێرشه درۆنییه‌كان زیان به ته‌واوى ئابووریى عێراق ده‌گه‌یه‌نن

هەولێر-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2025/7/30 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له جێگرى ئه‌دمیراڵ به‌ڕێز ئێدوارد ئالگرین، ڕاوێژكارى باڵاى به‌ریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئافریكا و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه له ژماره‌یه‌ك ڕاوێژكار و به‌ڕێز كونسوڵى گشتیى به‌ریتانیا له هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوو.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه به‌ڕێز سوپاسالارى پێشمه‌رگه ئاماده‌ى بوو، دۆخى ئه‌منیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها تیشك خرایه سه‌ر مه‌ترسییه ئه‌منییه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه و هه‌ڕه‌شه له ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و سووریا ده‌كات. ده‌رباره‌ى هێرشه درۆنییهكانیش بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێزیان به ئامانجگرتنى ژێرخانى وزه‌ى له هه‌رێمى كوردستان، به هه‌ڕه‌شه و زیان بۆ ته‌واوى ئابووریى عێراق له قه‌ڵه‌م دا و داكۆكى له‌وه كرده‌وه كه پێویسته ڕێگرى له‌و هێرشانه بكرێت.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز ئالگرین وێڕاى نیشاندانى پابه‌ندیى به‌ریتانیا به بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دووپاتى كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ى به بایه‌خ و گرنگییه‌كى زۆره‌وه له ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه ده‌ڕوانێت، هه‌روه‌ها هه‌موو هاوكارى و پشتیوانییه‌كى به‌ریتانیاى بۆ پاراستنى ئاسایش و سه‌قامگیریى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه نیشان دا.
سیستمى فیدراڵى له عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى سووریا و مافه‌كانى كورد و پێكهاته‌كان له‌و وڵاته، له‌گه‌ڵ دوایین پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى له توركیا، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.





