٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رۆژبەیانی بۆ KDP: ھاووڵاتیان زەویشیان لەگەڵ قەرەبووی ماددەی ۱٤۰ پێ دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- جێگری پارێزگاری مووسڵ رایدەگەیەنێت، لە پارێزگای مووسڵ زیاتر لە ٣١ ھەزار کەس لە ماددەی ١٤٠ سوودمەند دەبن، کە جگە لە قەرەبووکردنەوەی ١٠ ملیۆن دیناری، بە ھەوڵێکی زۆر توانیمان دوای قۆناغی دابەشکردنی پارە، ھەر خێزانێک پارچەیەک زەوی لە سنووری خۆیان پێ بدرێت.

سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، چەندین ساڵە لە مووسڵ نووسینگەی ماددەی ١٤٠ نەمابوو و دوای ھەوڵێکی زۆر توانیمان جارێکی دیکە نووسینگەکە لە مووسڵ بکرێتەوە و خۆشمان ھەموو پێداویستیی نووسینگەکەمان دابین کرد و بۆ ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتیان لە ھەموو قەزا و ناحیەکان لیژنەشمان کردوونەتەوە و خەڵک لەوێ مامەڵەی خۆی دەکات و ناوە ناوە مامەڵەکان دێن بۆ نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە مووسڵ، ئێمەش بۆ بەغدای رەوانە دەکەین و ئەمڕۆش یەکەم وەجبە قەرەبووی ماددەی ١٤٠ وەردەگرن، کە ١٧٥ خێزانن و ھەر خێزانێک ١٠ملیۆن دینار وەردەگرێت.

رۆژبەیانی گوتیشی، لە کۆی ٥١ هەزار خێزانی زەرەرمەندی سەردەمی رژێمی بەعس، ٢٠ ھەزار خێزان کاتی خۆی ١٠ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە و ٣١ ھەزار خێزان ماون و ئێستا لە شنگال تا مەخموور مامەڵەی خۆیان دەکەن لە رێگەی لیژنەکانەوە و ئەوەی مامەڵە تەواو بکات، رەوانەی نووسینگە دەکرێت و ئێمەش بۆ بەغدای رەوانە دەکەین، بۆ ئەوەی قەرەبووکردنەوەیان بۆ بکرێت.

دەشڵێت، دوای قۆناغی قەرەبووکردنەوەی ١٠ ملیۆن دیناری، لە قۆناغی دووەمدا ئێمە لە ناوچە کوردستانییەکان وەکو تاکە پارێزگا توانیمان رەزامەندی وەربگرین ھەر خێزانێک پارچەیەک زەوی ٢٠٠ مەترییان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان پێ بدرێت، چونکە لە پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە ھەندێک لەم قۆناغە زەحمەتە، بەڵام لە مووسڵ ئێمە ئەو کارەمان کردووە و زەویشیان لەگەڵ قەرەبووی ماددەی ۱٤۰ پێ دەدرێت، بۆیە ھەموو ھەوڵێک دەدەین ئەوانەی ماون ھەم قەرەبووی ماددی بکرێنەوە و ھەمیش پارچەیەک زەوییان پێ بدرێت، بۆیە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە زۆر بە باشی و رێکوپێکی بەڕێوە دەچێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار