هاوكاریی دارایی پێشكه‌ش به هه‌زاران خێزانی هه‌رێمی كوردستان دەکرێت

هه‌ولێر-KDP.info- بریكاری وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێ، له رێگه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هاوكاریی دارایی پێشكه‌ش به هه‌زاران خێزانی هه‌رێمی كوردستان دەکرێت.
زه‌كیه سه‌ید ساڵح، بریكاری وه‌زاره‌تی كار و کاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند، له چوارچێوه‌ی هاوكارییه‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی، له قۆناغی یه‌كه‌مدا هاوكاری به‌سه‌ر سێ هه‌زار و 200 خێزانی سنووری پارێزگای دهۆك دابه‌ش ده‌كرێت، له‌و ڕێژه‌یه 20%ی هاوكارییه‌كه بۆ خێزانه په‌نابه‌ره‌كانه و ئه‌وه‌ی تریش بۆ خه‌ڵكی خۆجێی پارێزگای دهۆكە، هه‌ندێك پێوه‌ر دیاری كراون بۆ دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كه له چوارچێوه‌ی یاسای عێراقی له‌وانه، خێزانی كه‌مئه‌ندامان و كه‌سانی به‌ساڵداچوو و قوربانیانی توندوتیژی سوودمه‌ند ده‌بن.
بریكاری وه‌زاره‌تی كار و کاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌شڵێت، پلانه‌كه سه‌ره‌تا وه‌ك ئه‌زموون له سنووری پارێزگای دهۆك جێبه‌جێ ده‌كرێت، قۆناغی دواتر هه‌موو هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه، ده‌مانه‌وێ له پارێزگای دهۆكه‌وه بزانین تا چه‌ند پێوه‌ری دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كه سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و خاڵه لاوازه‌كانیش دیاری ده‌كرێن بۆ قۆناغی دواتر.
زه‌كیه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وەش كرد، هاوكاریی بانكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه، وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كرێت له قۆناغی یه‌كه‌مدا، ده‌مانه‌وێ زیاتر چینی هه‌ژار سوودمه‌ند بێت، چونكه خۆی ئه‌و جۆره هاوكاریانه بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ته.
قائید میرۆ




