٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی حکوومەت: زۆربەی کێشەکانمان باجی سەرکەوتنەکانمانە.. ئەم پڕۆژانە وەڵامی ئێمەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "چاوەڕێی بەغدا دەکەین مووچە بنێرێت و واز لە سزادانی بە کۆمەڵ بهێنێت."

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو گوتارێکی پێشکێشکرد.  

مەسروور بارزانی لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و پرسی مووچە رایگەیاند، "ئەوەی ئەرکی ئێمەیە بە زیادەوە جێبەجێمان کردووە و لەمەودواش ئامادەین هەر ئەرکێکی دەستووری جێبەجێ بکەین، بەڵام ئامادەنین واز لە مافە دەستوورییەکانمان بهێنین."

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، "قەیران لەدوای قەیرانمان بۆ دروست دەکەن، بەڵام وازناهێنین. "گوتیشی "بەغدا پێمان دەڵێت، نابێت هیچ داهاتێکتان هەبێت." 

مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆربەی کێشەکانمان باجی سەرکەوتنەکانمانە."

لەبارەی جیاوازییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەڕووی دەرچوونی پڕۆژەکانەوە، سەرۆکی حکوومەت رایگەیاند، عێراق "بڕیاری دروستکردنی 150 نەخۆشخانەی داوە هیچیان هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە." 

لە وەڵامی ئەو کەسانەی دەڵێن، "داهاتی ناوخۆ چی بەسەردێت؟" مەسروور بارزانی رایگەیاند، "ئەم پڕۆژانە وەڵامی ئێمەیە بۆ ئەوان." 

مەسروور بارزانی لەبارەی پڕۆژەکە باسی لەوە کرد، "دەستی کاری پرۆژەکە خۆماڵییە." هەروەها "هەولێر چیدیکە پێویستی بە ئاوی ژێر زەوی نابێت."

سەرۆکی حکوومەت دەڵێت، "بەرنامەمان هەیە بۆ دووبارەبەکارهێنانەوەی ئاو بۆ ئاودێری باخچەکان و بەمزووانە دەستپێدەکەین." 

لەبارەی کارەبای 24 کاتژمێری، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "کارەبای 24 کاتژمێری لەسەر حسابی شوێنەکانی دیکە نییە." 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە کارەبای 24 کاتژمێری کرد و رایگەیاند، "زیاتر لە دوو ملیۆن کەس ئێستا سوود لە کارەبای 24 کاتژمێری وەردەگرن و 80٪ـیان کەمتر لە جاران پارە دەدەن."  

مەسروور بارزانی هۆکاری سەرکەوتنی بۆ "پشوودرێژی خەڵکی گەڕاندەوە و بەشێکیش بۆ کاری کەرتی تایبەت.

هەواڵی پەیوەندیدار