کۆنسووڵی فەرەنسا: بیرم لەلای کردنەوەی فەرمیی گۆڕەپانی پێشمەرگەیە لە پاریس

ھەولێر-KDP.info- کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وڵاتەکەی خواستێکی گەورەی بۆ پەیوەندی لەگەڵ کوردستان هەیە، هەروەها رایگەیاند، گۆڕەپانی پێشمەرگە لە پاریس دەکەنەوە.
یان برایم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، ئەو قسانەی لە رێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانیی فەرەنسادا کرد، کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 14ی تەممووزی 2025 بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
یان برایم لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا ئاهەنگی ئەم ساڵیان لە هەلومەرجێکی تایبەتتردایە، بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە ماوەیەک پێش ئێستا ناوچەکەی گرتەوە، بۆیە ئاهەنگەکە "لەژێر ناوی ئاشتی و فرەلایەنی دایە".
کۆنسووڵی فەرەنسا رایگەیاند: "ئاهەنگگێڕانی ئەم ئێوارەیە ئاماژەیەکە بۆ خواستێکی تەواوی ئێمە بۆ گەڕانەوە بەرەو ئاساییبوون و سەقامگیریی دۆخەکە، هەروەها ئاماژەیەکە کە تاچەند گرنگە عێراق و کوردستان بەدەر بن و دوور بن لە گرژییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان".
برایم باسی لەوە کرد کە خواستی ئاشتی، کە 80 ساڵ لەمەوبەر لەسەر بنەمای جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدایک بووە، دەبێت هێزی پاڵنەری هەمووان بێت و جەختی کردەوە: "فەرەنسا لەپێناو گەرەنتیکردنی ئاسایش بۆ هەمووان و ماف بۆ هەر تاکێک، کار لەسەر ئەمە دەکات."
برایم ئاماژەی بە ڕۆڵی مێژوویی فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە پشتیوانیکردنی گەلی کوردستان و گوتی: "گەلی کورد باشتر لە هەموو کەس لە ڕۆڵی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکان تێدەگات، ئەمەش دوای پەسندکردنی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ هەروەها گەلی کورد دەزانێت تا چەند دۆستەکانی، لە ڕیزی یەکەمیاندا فەرەنسا، هەڵگری خواستی ئاشتی بوون".
کۆنسووڵی فەرەنسا جەختی کردەوە کە ئەم دۆستایەتییە ساڵی رابردووش "جارێکی دیکە هێز و پتەویی خۆی دەرخست".
یان برایم پوختەیەکی لەبارەی کار و چالاکییەکانی ساڵی رابردووی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان خستەڕوو، لەوانەش:
لە بواری سیاسیدا: پشتیوانیکردنی هەڵبژاردنی سەرکەوتووانەی پەرلەمانی کوردستان و یەکڕیزیی کورد، هەروەها سەردانی ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ هەولێر و بەغدا.
لە بواری کولتووری و فێرکردندا: کردنەوەی گۆشەی فەرەنسی لە زانکۆی کوردستان، خولی زمانی فەرەنسی بۆ 15 ئەفسەری پێشمەرگە و پشتیوانیکردنی قوتابخانەکانی دانیێل میتێران لە هەولێر و سلێمانی.
لە بوارەکانی دیکەدا: دەستپێکردنی هاوئاهەنگی لە بواری بەرگریی شارستانی و دەستپێکردنەوەی کنە و پشکنینی شوێنەواری.
لە بواری ئابووریدا: بەڕێوەبردنی یەکەمین کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان لە پاریس و بەشداریی شاندی هەرێم لە کۆڕبەندی فەرەنسا-عێراق.
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا "داهاتوویەکی گەش"ـی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا نەخشاند و رایگەیاند: "دڵنیا بن لەوەی کە ئێمە خواستێکی گەورە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و کوردستان هەڵدەچنین و بۆ ساڵی نوێش چەندین دەرفەتی دیکە لە ئارادایە، بۆ پتەوکردنی زیاتری ئەم هاوبەشییەی نێوانمان".
یان برایم هەواڵێکی خۆشی راگەیاند و گوتی: "بە تایبەتیش بیرم لەلای کردنەوەی فەرمیی گۆڕەپانی پێشمەرگەیە لە پاریس".
کۆنسووڵی فەرەنسا سوپاسی سەرجەم ئەو لایەنە کوردی و فەرەنسیانەی کرد کە هاوکاربوون لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و سەرخستنی کار و چالاکییەکان، لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بگرە تادەگاتە کەرتی تایبەت و رێکخراوەکان.




