حکوومەت ئاسانکاری زۆری بۆ ھاتوچۆی گوندنشینان کردووە

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٣١٨ پڕۆژەی ڕێگای گوندەکان بە درێژایی ٣١٧کم بە بودجەی زیاتر لە ٤٠ملیار دینار ئەنجامدراون."
دکتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەپاڵ ڕێگا گشتییەکان گرنگی زۆری بە ڕێگای گوندەکانیش داوە، بەجۆرێک لەم کابینەیە ٣١٨ ڕێگا بۆ گوندەکان دروست، نوژەن و قیڕتاو کراون، لەسەر بودجەی وەبەرھێنان و ئاسایی و وێستگەکانی کێشکردن، لەسەر بودجەی وەبەرھێنان ٢٦ گوند بەدرێژیی ١٦٨کم، لەسەر بودجەی ئاسایی ٢١٣ گوند بە درێژایی ٨٩کم و لەسەر داھاتی وێستگەکانی کێش ٣٠% بەدرێژایی ٦٠کم، کۆی گشتی دەکاتە ٤٠ملیار و ٨٠٧ملیۆن دینار، بەدرێژایی ٣١٧کم."
دکتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی "لە ھەولێر ٦٩ پڕۆژە، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ١٥ پڕۆژە، لە سلێمانی ١٠٧ پڕۆژە، لە ئیدارەی گەرمیان ٣٨ پڕۆژە، لە ئیدارەی ڕاپەڕین ٤٧ پڕۆژە، لە ھەڵبجە ١٩ پڕۆژە، لە دھۆک ٢١ پڕۆژە و لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ٢ پڕۆژە ئەنجام دراون."
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی "بێگومان دروستکردنی ڕێگای گوندەکان بەسوودە بۆ گوندنشینان، بەتایبەت لەڕووی گواستنەوەی بەرھەمی کشتوکاڵی و بەئاسانی گەیشتنیان بە نزیکترین بازڕ لە شاروچارۆچکەکانی دەوروبەر."
بڵند ئیبراھیم




