سەرۆکی حکوومەت بوودجەی پێویستی بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگای فەڕەنسۆ ھەریری دابینکرد

ھەولێر-KDP.info- دوای کۆتایی ھاتنی یارییەکانی یانەی ھەولێر لە سەر یاریگای خۆی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بە گوژمەی (١ ملیار و ٨٣٠ ملیۆن دینار) لەسەر بوودجەی پارێزگای ھەولێر، دەست بە نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی " شەھید فەڕەنسۆ ھەریری" کرا.
لەو بارەیەشەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: "لە ساڵیادی شەھیدی سەرکردە "شەھید فەڕەنسۆ ھەریری" ئەو پیاوە گەورە و خەمخۆرەی یانەکەمان و وەرزش لە کوردستان، بڕیاری نۆژەنکردنەوەی یاریگاکەمان ڕاگەیاند، ئەمڕۆش سوپاس بۆ سەرۆکوەزیران جەنابی مەسروور بارزانی، کە ڕەزامەندبوون لەسەر دەرخستەی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە و بوودجەی پێویستی بۆ تەرخانکرا".
پارێزگاری ھەولێر ڕاشیگەیاند، بە ھۆی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق نۆژەنکردنەوەکە دواکەوت بۆ ئەوکاتە، ئەمڕۆش لەدوا یاری یانەکەمان کە بەداخەوە ئەنجامەکەی چاوەڕوانەکرابوو، بە گوژمەی (١ ملیار و ٨٣٠ ملیۆن دینار) لە سەر بوودجەی پارێزگای ھەولێر، دەست بە نۆژەنکردنەوەی چیمەن و تراکی یاریگەکە لە جۆری (ھای بێرد) دەکرێت کە زۆربەی یاریگا گەورە و جیھانییەکان بەو چیمەنە فەرشکراون.
ئومێد خۆشناو گوتیشی، بەدڵنیاییەوە پشتیوانیەکانمان بۆ یانەی ھەولێر بەردەوام دەبێت، لە سەرووی ھەمووشمانەوە پشتیوانی جەنابی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
جێگەی باسە، یاریگای "شەھید فەڕەنسۆ ھەریری" یاریگایەکی نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و لە ساڵی ١٩٥٦ لەگەڵ دروستبوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە و لەکۆتای ساڵی ٢٠٠١ بەناوی شەھید "فەڕەنسۆ ھەریری" کراوە، لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆتە یاریگایەکی نێودەوڵەتی، لە ئێستاشدا ئەو یاریگایە بۆتە بەشێکی دیار و بەرچاوە لە مێژووی شاری ھەولێر.





