پارێزگار و باڵیۆزی بریتانیا لە قاوەخانەی مەچکۆ ئایندەی گۆڕانکاریەکانیان تاوتوێكرد

ھەولێر-KDP.info- سەر لە بەیانی ئەمرۆ چوارشەممە 25.6.2025 لە قاوەخانەی کلتووری مەچکۆ، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە عرفان سدیق باڵیۆزی شانشینی بریتانی لە عێراق و کونسلی بریتانی لە هەولێر کرد.
پارێزگاری هەولێر، وێرای بەخێرهێنانیان، پیرۆز بایی لێکرد بە بۆنەی دەستبەکابوونیان بە باڵیۆزی نوێ بریتانیا لە عێراق و هیوای خواست کە لە بەغدا بە چاوی ئیعتیبارەوە لە هەرێمی کوردستان بروانێ، کە ماوەی چەندین ساڵە دەسەڵاتدارانی بەغدا هەوڵ دەدەن کۆسپ و تەگەرە بخەنە بەردەم مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، و قینی سیاسی خۆیانی لەبەرامبەردا هەڵڕێژن، لە کاتێکدا ئەم هەرێمە بەشێکی سەرەکی بووە لە بنیادنانی عێراقی نوێدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتدارانی عێراق ستەم لەبەرامبەر قووتی فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام سەرباری هەموو ئەوانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بونیادنان ئاوەدانی و بەهێزکردنی کەناڵە دبلۆماسیەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەردەوامە.
لەو دیدارە دۆستانەیەدا، باڵیۆزی بریتانیا وێرای پاڵپشتی کردن لە وتەکانی پارێزگاری هەولێر، داکۆکی کردن لە مافی ڕەوای گەلی کوردستان، باسیان لە شارەستانیەتی دێرینی شاری هەولێر و تەناهی و ئاوەدانی فراوانبوونی شارەکە کرا.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا باسی پێشهات و پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناوچەکە بە گشتی و ڕووداوە هەمە لایەنەکانی عێراق بە تایبەتی و ئایندەی گۆڕانکاریەکان کرا.
باڵیۆزی بریتانیا سوپاسی ئەو میوانداریەی پارێزگاری هەولێر کرد و خۆشحاڵی بە دیمەنی جوانی قەڵا و زیندوویی بازاڕی دێرینی قەیسەری دەربڕی، تەوەری سەرەکی دانیشتنەکەشیان پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسی و کلتوورییەکانی نێوان هەردووک لابوو.
لە دیدارەکەدا جەخت لە پتەوتر کردنی دۆستایەتی لە مێژینەی بریتانیا و هەرێمی کوردستان کرایەوە.






