٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاوەڕێی وەڵامی حکوومەت دەکەین ئەو نازناوە بە فەرمی بە مێرگەسۆر بدرێت

سەرچاوە: KDP.info

مێرگەسۆر-KDP.info- قایمقامی قەزای مێرگەسۆر ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەیەک پێشکەشی حکوومەت کراوە بۆ ئەوەی مێرگەسۆر ببێتە پایتەختی ژینگە و لە ئێستادا ھەموو رێکارەکانمان تەواو کردووە و نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و تەنیا ماوە ئەوان بڕیاری لێ بدەن و مێرگەسۆر بە فەرمی ببێتە پایتەختی ژینگە، چونکە ھەموو مەرجەکانی تێدایە.

غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئێمە وەکو قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر نووسراومان بۆ دەستەی ژینگە کردووە بۆ ئەوەی مێرگەسۆر ببێتە پایتەختی ژینگە و دەستەی ژینگەش نووسراوی بۆ حکوومەت کردووە بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت، بۆیە چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین بۆ ئەوەی مێرگەسۆر ببێتە پایتەختی ژینگە و چاوەڕێی وەڵامێکی ئەرێنیش دەکەین.

ئەحمەد گوتیشی، ئامانجی ئێمە لەو پڕۆژەیە ئەوەیە، مێرگەسۆر لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تاکە شوێنە گرنگییەکی زۆر بە ژینگە دەدات و ژینگەیەکی زۆر جوانیشی ھەیە و پارێزگاری لێ دەکات، هەروەها ئاژەڵی کێوی لێ زۆرە و ئاو و ھەوایەکی پاک و خۆشی ھەیە، بۆیە ئەو نازناوە شایەنی مێرگەسۆرە و لە مێژوودا ئەو ناوچەیە بە ژینگەپارێزی ناسراوە و بووەتە کولتوورێک، لەبەر ئەوە کە حکوومەت بە فەرمی بڕیاری لێدا، ئەوکات ئێمەش کۆمەڵێک رێنمایی دەردەکەین لە بواری ژینگە بۆ ئەوەی زیاتر بیپارێزین و گەشتیار پابەند بکەین بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی ژینگە.

قایمقامی قەزای مێرگەسۆر دەشڵێت، مێرگەسۆر ھەموو مەرجەکانی بوون بە پایتەختی ژینگەی تێدایە و تاکە شوێنک لە کوردستان ھەبێت ئەو نازناوەی پێ بدرێت، ئەوە مێرگەسۆرە، بۆیە ئێمە ھەموو کارەکانی خۆمان تەواو کردووە و چاوەڕێی وەڵامێکی باش و ئەرێنی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین ئەو نازناوە بە فەرمی بە مێرگەسۆر بدرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار