مەسروور بارزانی: شۆڕشی گوڵان ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم خەڵکی کوردستاندا کردەوە

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی ٤٩ ساڵەی شۆڕشی گوڵان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەم یادەدا جەخت لە کارکردنی ھاوبەش و تەبایی و یەکھەڵوێستی و ھاوخەباتی ھەموو پێکھاتە و ھێز و لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە.
دەقی پەیامی مەسروور بارزانی
لە چل و نۆیەمین ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی ھەموو تێکۆشەر و خەباتکاران و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەینەوە کە لەم شۆڕشەدا بەشدار بوون و بە شکۆمەندی و بڕوایەکی بەرزەوە، بەرگریان لە گەلی کوردستان کرد.
شۆڕشی گوڵان، وەک درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بەڕێبەرایەتی ڕێبەری نیشتیمانیمان بارزانیی نەمر، پیلانی دوژمنانی کوردستانی تێکشکاند و لە ڕێگەی گیانفیدایی و بەردەوامبوونی خەبات و تێکۆشانەوە، ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم خەڵکی کوردستاندا کردەوە.
لە یادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، جەخت لە کارکردنی ھاوبەش و تەبایی و یەکھەڵوێستی و ھاوخەباتی ھەموو پێکھاتە و ھێز و لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە کە ئەو یەکڕیزییە، یەکێک لە بنەما بەھادارەکانی شۆڕشی گوڵان بوو کە بووە ھۆی دروستبوونی بەرەی کوردستانی و سەرکەوتنی ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ و بەدەستێھنانی ھەموو دەستکەوتە نیشتمانییەکان.
لە یادی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە لەیاد و گشت شەھیدانی کوردستان.
مەسروور بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان




