سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داكۆكى له برهودان به پهیوهندییهكان لهگهڵ ژاپۆن دهكات

ھەولێر-KDP.info- نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٥/٥/٢٥، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ھیتۆشی ئیشیزوکا، بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن لە ھەولێر کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، وێڕای بەخێرھێنان و پیرۆزباییی دەستبەکاربوون، ھیوای سەرکەوتنی بۆ بەڕێز بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن لە ھەولێر خواست و ھەموو پشتگیرییەکی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی، دووپات کردەوە.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژاپۆن نیشان دا و ئاماژەی بە دەرفەتی کار و وەبەرھێنانی ژاپۆنی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد. بەڕێزیان ھەروەھا سوپاسی ژاپۆنی کرد بۆ یارمەتی و پشتگیرییەکانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە بەڕێز ئیشیزوکا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت و خوازیارە لە بوارە جیاجیاکاندا، برەو بە ھاریکاریی ھاوبەشیان بدات، ھەروەھا پوختەیەکی لەسەر چالاکیی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان لە ھەرێمی کوردستان و بەرنامەی کارەکانی، خستە ڕوو.




