سەرۆکی حکوومەت: لە جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکان بەردەوام دەبین

واشنتن-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکانی دوێنێ لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیشە، بەڵام ھەر کەسێک دژایەتی ھەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت ھەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پەیوەندییەکی دوورودرێژمان لەگەڵ ئەمەریکا ھەیە، ئەم پەیوەندییەش تەنیا لەبەر گرێبەستەکانی دوێنێ نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی قووڵ و مێژوویی لەنێوانمان ھەیە، ھەر ئەمەش وای کردووە ئەمەریکا وەک ھاوپەیمانێک سەیری ھەرێمەکە بکات.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، کاتی ئەوەیە بەیەکەوە بتوانین کارێک بکەین زیاتر ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتەکەمان ھەبێت، کە لە بەرژەوەندیی ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستانە.
ھاوکات دەشڵێت: بە داخەوە ئاراستەیەکی دیکە لەنێو خودی عێراق، ھەندێک لێکدانەوەی بۆ ڕێککەوتنەکانی دوێنێ کرد، ئەو کارانەش بە ھیچ جۆرێک ڕەوا نییە، ئەوەی ھەرێمی کوردستان کردوویەتی دەگونجێت لەگەڵ ئەو مافە دەستوورییانەی کە دەستووری فیدراڵی عێراق بە ھەرێمەکەی داوە.
مەسروور بارزانی، جەختی لەوەش کردەوە، لە جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانمان بەردەوام دەبین. لە ئەمەریکا پێشوازییەکی زۆر لەم ھەوڵانە دەکرێت کە مەبەست لێی پێشخستنی کەرتی وزە و بووژانەوەی ئابوورییە.
ھەر لەبارەی ڕێککەوتنەکانی دوێنێ، مەسروور بارزانی ڕوونیکردەوە، ڕێککەوتنەکان دەرفەتە بۆ خەڵکی ناوچەکە و لە بەرژەوەندی عێراقیش دایە.
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو، ھەر کەسێک دژایەتی ھەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت ھەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە ھەم لە ھەرێمەکە ھەم لە عێراقیش.




