دەقی وتاری نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

ھەولێر-KDP.info- بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 23/4/2025 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە ڕێوڕەسمی نزاى نیشتمانیدا كرد كە بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆك مەسعوود بارزانی، مەسروور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵا و كەسایەتییه ئایینییه‌كان و میوانان له هەرێمی كوردستان و عێراق و ئەمەریكا و ئەورووپا و وڵاتانی دیكەی جیهانه‌وه، هه‌روه‌ها دیپلۆماتكار و نوێنەرانى وڵاتان له هه‌رێمى كوردستان، ڕێوڕەسمی نوێژی نیشتمانی بە ناونیشانی بەرەو یەكبوون لە باوەڕدا، بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى
به‌ڕێزان كه‌سایه‌تیى ئایینى له هه‌موو ئایینه‌كان،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
میوانانی ئازیز له هه‌ر كوێ هاتبن،
ڕۆژتان باش و هەموو لایەكتان بە خێر بێن
هه‌مووتان به خێر بێن بۆ هه‌ولێر، بە خێر بێن بۆ كوردستان، بۆ سه‌رزه‌مینى ئاشتی و پێکەوەژیان. زۆر خۆشحاڵم لە ڕێوڕه‌سمى ڕۆژی نوێژی نیشتمانیدا پێكه‌وه‌ین كه یه‌كه‌مجاره له کوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت و ئه‌و ڕێژه گه‌وره‌یه له سەرکردەى ئایینى و کەسایەتیی فکرى لە ئایین و کولتوورە جیاوازه‌كان، به‌شداریى ئەم ڕێوڕه‌سمه ده‌كه‌ن.
هه‌ر لێره‌وه، دووباره به‌گه‌رمى و له دڵه‌وه، پیرۆزبایى جه‌ژنى قیامه‌ت، (ئیسته‌ر) له ته‌واوى هاووڵاتییانى مه‌سیحی له هه‌رێمى كوردستان و عێراق و له هه‌موو جیهانى مه‌سیحییەت به‌گشتى ده‌كه‌م. هیوادارم جه‌ژنێكى ئارام و ئاسووده، به‌سه‌ر به‌رن.
ئەمڕۆش ئه‌مه دەستپێشخەرییەکی گرنگه کە لەگەڵ ڕوانگه‌ى هەرێمی کوردستاندا بۆ چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان و لێكگەییشتن دەگونجێت، دوور لە گرژی و دابەشبوونیش، زه‌مینه‌یه‌كى گشتگیر بۆ گفتوگۆی ڕۆحی و مرۆیی، لەنێوان گەلاندا، ده‌ڕه‌خسێنێت.
فرەییی ئایینی و کولتووری لە کوردستان، هەرگیز بارقورسى نەبووە، بەڵکوو سەرچاوەی هێز و سەقامگیری و هه‌میشه جێى شانازیمان بووه. به درێژاییى ساڵان، هەرێمى كوردستان سەلماندوویەتی کە نموونەیەکی واقیعییە لە ڕێزگرتن لە فرەیی و پاراستنی ئازادییە ئایینییەکان و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ هه‌موو پێکهاتە جیاوازەکان له هه‌ر ئایین و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بن لە هەرێمی كوردستان.
وه‌ك ئه‌م به‌یانییه گوێمان لە قسەكانی به‌ڕێز مه‌لا عه‌بدوڵڵا وه‌یسى، سه‌رۆكى یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلام له كوردستان بوو كە باسى كرد، زیندووترین نموونه‌ى كولتوورى و فره‌یى و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى له كوردستان، ئه‌وه بوو كاتێك 2014 هاووڵاتییانى ئێزدی و مەسیحیمان له‌سه‌ر ده‌ستى تیرۆرستانى داعش ڕووبه‌ڕووى جینۆساید بوونه‌وه، له بادینان به‌تایبه‌تى و له زۆر شوێنى دیكه‌ى كوردستانیش، ده‌رگاى مزگه‌وت و قوتابخانه‌كان بۆ ئاواره‌كان كرانه‌وه و هه‌موو یارمه‌تى و هاریكارییه‌كیان پێشكه‌ش كرا.
كه سه‌ره‌تاى دوو هه‌زاره‌كان، به‌داخه‌وه شه‌پۆلى توندوتیژى به‌رامبه‌ر به هاووڵاتییان له مه‌سیحى و خه‌ڵكى سوننه له شوێنه‌كانى دیكه‌ى عیراق ده‌ستى پێكرد، ئه‌وان هاتن له هه‌رێمى كوردستان، گیرسانه‌وه. لێره له هه‌رێمى كوردستان، له لانكه‌ى لێبورده‌یى و پێكه‌وه‌ژیان، پێشوازییان لێكرا و حه‌وێنرانه‌وه.
هه‌موو ئه‌مانه له‌سه‌ر فه‌رمانى ڕاسته‌وخۆى جه‌نابى سه‌رۆك مەسعوود بارزانى ئه‌نجام دران. وایلێهات هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له سه‌رووى دوو ملیۆن ئاواره و په‌نابه‌ر بكات. ڕێژه‌ى دانیشتوانى هه‌رێمى كوردستان زیاتر له سه‌تا سى و سێ زیادى كرد. ئێستاش نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن ئاواره و په‌نابه‌ر هه‌یه.
خۆشبه‌ختانه نه ئه‌وسا و نه ئێستا هیچ كێشه و ڕووداوێكى ئه‌منى و كۆمه‌ڵایه‌تى ڕووینه‌دا. ئێستاش ئه‌وانه‌ى گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنى خۆیان، یادگاریى خۆشیان له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه و به‌رده‌وام به سه‌ردان دێنه‌وه بۆ ئێره.
ئێمە باوەڕمان وایە کە بەهێزکردنی ئاشتی لە باوەڕی قووڵەوە بە بەهای مرۆڤ و به ڕێزگرتن لە شكۆى مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازی، سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئەم بەهایانە كاتێك ته‌واو جێگیر ده‌بن كه لە سیاسەتە گشتییەکان، پەروەردە، دادپەروەری و هاوکاریی نێوان ئایین و کولتوورەکاندا، پشتگیری‌یان هەبێت و به بڕوا كاریان پێ بكرێت. ئێمه‌ش له هه‌رێمى كوردستان، به جددى و بێ ڕاوه‌ستان، كاریان بۆ ده‌كه‌ین.
ئەزموونەکان و مێژوو سەلماندوویەتی: گفتوگۆی ڕاستگۆیانە، باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەهێزکردنی متمانە لەنێوان خەڵکدا. لێرەوە، ئێمە ئەم چالاکییەی كە ئەمڕۆ لە هەولێر ئەنجام دەدرێت، بە هەنگاوێکی جددی دەزانین بەرەو چەسپاندنی زیاترى کولتووری لێكگەییشتن و ڕێز له یه‌ك گرتن، هه‌روه‌ها پەیامێکه لە کوردستانەوە، لە هەولێرەوە بۆ جیهان کە دەڵێت: فرەیی هەڕەشە نییە، بەڵکوو سەرچاوەی دەوڵەمەندییە و کۆمەڵگەکان دەتوانن بەئارامی و شکۆوە، پێکەوە بژین کاتێک لەسەر متمانە و کرانەوە، بنیات دەنرێن.
هه‌ر لەم ده‌رفه‌ته‌دا، جارێكى تر هاوخەمیی قووڵی خۆمان بۆ كۆچى دواییى قه‌داسه‌تى پاپا فرانسیس دەردەبڕین کە نموونە بوو لە خاكه‌ڕایى و کرانەوەی ڕاستەقینە. هه‌موومان نزاى بۆ ده‌كه‌ین و خوای مەزن گیانى شاد بكات.
قه‌داسه‌تى ئه‌و، بە سەردانێك بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١دا، شەرەفمەندی کردین. ئەو سەردانە وەک ڕووداوێکی مێژوویی لە بیرەوەریی هه‌موو پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان و عێراق بێ جیاوازی دەمێنێتەوە و هه‌میشه جێى شانازیمان ده‌بێت. میراتی ئەو، وەک چرایه‌ك بۆ ئاشتی و لێبورده‌یى بەردەوام له‌نێو ئێمه و له هه‌موو جیهاندا، ئامادە دەبێت.
ئومێدەوارین ئەم ڕۆژە ببێتە نەریتێکی ساڵانە کە کولتووری گوێگرتن و لێبورده‌یى و یه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه بەهێز بکات و هاوكار و به‌شدار بێت له فراوانکردنی پردەکانی متمانە لەنێوان کۆمەڵگەدا، هه‌روه‌ها ببێته ده‌نگى هه‌موو ئه‌وانه‌ى باوەڕیان بە ئاشتی هه‌یه وەک هاوبەشی و بەرپرسیاریه‌تی.
زۆر سوپاسی هەموو ئەو كه‌س و لایەنانە دەکەم كه به‌شدارییان له ڕێکخستنی ئەم چالاکییە كرد. سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و بەشدار و به‌ڕێزانه‌ى لە ناوەوە و لە دەرەوەی کوردستان هاتوون. پشتگیری و بەشداریکردنیان، گرنگیی ئەم پەیامە دەردەخات و هیوامان پێدەبەخشێت بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر و دادپەروەرتر، هه‌روه‌ها لە هەرێمی كوردستان زیاتر هانمان ده‌دات و كوردستان بۆ هه‌میشه به نیشمانى فره‌یى، پێكه‌وه‌ژیان، یه‌كترقبووڵكردن، لێبورده‌یى، لێكگه‌ییشتن و ئاشتى ده‌مێنێته‌وه.
هەموو لایەكتان بە خێر بێن بۆ هەولێر،
بە خێر بێن بۆ كوردستان،
زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.
هیواى ڕۆژێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم،
دیسان بەخێر بێن،
زۆر سوپاس..




