٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

په‌یامى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان له‌ یادی ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ریى كوردیدا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەبۆنەی ١٢٧ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی و یادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.

یادی ١٢٧ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخانەوە، ھەروەھا یادی ٢٧ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە گەرمی و لە دڵەوە لە ھەموو ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان پیرۆز دەکەم، ھیوای پێشکەوتنی زیاتر و سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم.

لەم بۆنەیەدا، جەخت لەسەر پابەندیمان بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین و گرنگی و پێویستیی پاراستنی وشەی ئازاد وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی و پێشکەوتن و کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ئاسوودە، دەکەینەوە. بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ فەراھەمکردنی ژینگەی گونجاو بۆ کاری ڕۆژنامەنووسان کە تیایدا دەستگەییشتن بە زانیاری مسۆگەر بکات و لە ھەموو کۆت و بەند و بەربەستێک دوور بێت، ھەروەھا ھەر پێشێلکارییەک لە چوارچێوەی یاسای ڕۆژنامەگەریدا، چارەسەر بکرێت.

باوەڕمان وایە ڕۆژنامەگەریی ئازاد، بوێر، بەرپرسیار و ڕەخنەگر، ھاوبەشێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی کوردستانێکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووتر، بۆیە لەم یادەدا وەک ھەمیشە ڕۆژنامەنووسان ھان دەدەین کە پابەندی پیشەییبوون و بێلایەنی و ڕاستگۆیی بن و لە زێدەڕۆیی و گوتاری ھەڵچوون دوور بکەونەوە و بەرژەوەندیی گشتیی وڵات و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەسەرووی ھەموو شتێکەوە دابنێن و ڕۆڵی کارای خۆیان لە پتەوکردنی کولتووری فرەڕەنگی و پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی، بگێڕن.

لەم ڕۆژەدا، بە ڕێزەوە یادی شەھیدانی ڕۆژنامەگەریی کوردستان و ھەموو ئەوانە دەکەینەوە کە لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و خزمەتی کۆمەڵگەدا، قوربانییان داوە. ڕۆڵی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە چاودێریکردنی ئازادیی ڕادەربڕین لە کوردستان بەرز دەنرخێنین و دڵنیایان دەکەینەوە کە سوود لە ڕاپۆرتەکانیان وەردەگرین بۆ پەرەپێدانی ژینگەی میدیایی و ڕۆژنامەوانی لە وڵاتەکەمان.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥

هەواڵی پەیوەندیدار