٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڤیان دەخیل: بڕیارە پڕۆژەی تریش پێشکەش به‌ ڕزگاربووانی دەستی داعش بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: "ھاوکاریی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش، نامەیەکە بۆ کوردانی ئێزدی و عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. دەشڵێت: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام پاڵپشتی لە کوردانی ئێزدی دەکات و دەرگایەکیشە بۆ ئەوەی پڕۆژەی بچووک پێشکەشی ئەو ڕزگاربووانە بکات."


ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "پێدانی مینحەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ڕزگاربووانی ئێزدی لە دەستی داعش، زۆر گرنگە، ئەمەش ھەنگاوێکی مەعنەوییە زیاتر بۆ ئەوەی ئەو ڕزگاربووانە ھان بدرێن زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھاوکارییان دەکات، بۆ ئەوەی بەھێزتر بن، ئەمەش دەرگایەکە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتریان بکرێت، بڕیارە پڕۆژەی بچووکیشیان پێشکەش بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو کەسانە زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو شێوەیەک ھاوکار و پاڵپشتی ڕزگاربووانی دەستی داعش و کوردانی ئێزدییە."
دەخیل گوتیشی "ئەو ھاوکارییەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش، نامەیەکە بۆ خەڵکی ئێمە و عێراق بە گشتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، سەرۆک بارزانی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام پشتیوانی کوردانی ئێزدی دەبن و لەپشتیان دەوەستن و ھاوکاریان دەبن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە لە خەمی کوردانی ئێزدیدا بووە و ھەمیشەش لەگەڵیان دەبێت، ھیچ کات پشت لە کوردانی ئێزدی ناکات و بە کرداریش ئەوەی بۆ ھەمووان سەلماندووە."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار