مامۆستا حه‌دێ له ڕێگه‌ی KDPیه‌وه باسی خۆشه‌ویستی خاك و نیشتمان ده‌كات

هه‌ولێر –KDP.info- "خۆشه‌ویستیی نیشتمان و خه‌ڵك، به‌شێك بووه له سیفه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا و ئیسلام گرنگییه‌كی زۆر به نیشتمانپه‌روه‌ری ده‌دات و ده‌بێ دوعامان ئه‌وه بێت كوردستان ببێته ده‌وڵه‌ت." ئەمانە لەمیانەی لێدوانی یەكێک لەو مامۆستایانەن كە لە ماوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆی لەگەڵدا كردن و ئامانجەكەش دووپاتكردنەوەی ئەو خاڵە بوو كە هەمیشە مامۆستایانی ئایینی كوردستان و پەروەردە و حوجرە و مزگەوتەكان، هاوخەمی میللەتی خۆیان بوون و نەوەک بۆ نیشتمانپەروەری ڕێگر نەبوون، بەڵكوو سەرقافڵەش بوون.
مامۆستا جه‌وهه‌ر حه‌دێ ناوخۆش، مامۆستای ئایینی و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی زانستی له شه‌ریعه‌تی ئیسلامی، لە درێژەی لێدوانەكەیدا، ئایەتێكی قورئانی پیرۆز دەهێنێتەوە: "یَا أَیُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِیمٌ خَبِیرٌ" ئینجا دەڵێ: پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان (د.خ) زۆر گرنگی به نیشتمانپه‌روه‌ری داوه، به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه كاتێك ناچار كرا شاری مه‌ككه به‌جێ بهێڵێ، فه‌رمووی ئه‌گه‌ر ناچار نه‌كرابام قه‌ت شوێنی له‌دایكبوونی خۆم به‌جێ نه‌ده‌هێشت.
لە ڕوانگەی ئەو پسپۆڕە ئایینییەوە، ده‌بێت له پێغه‌مبه‌ری خواوه فێری خۆشه‌ویستی نیشتمان ببین، كاتێك خوای گه‌وره ئێمه‌ی به نه‌ته‌وه داناوه و له خاكێك دروستی كردووین ئه‌وا پێویسته خاك و نیشتمانی خۆمان خۆش بوێت، ئایینی پیرۆزی ئیسلام مرۆڤایه‌تی و مرۆڤه‌كانی خۆش ده‌وێت و مرۆڤه‌كان هه‌موویان به‌قه‌درن لای خوای گه‌وره و هه‌موویان ئازادن له دونیا و پێویسته به پێی ئازادییه‌كه‌یان رێزیان لێ بگیرێت و باشترین مرۆڤ ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی خۆش بوێت و خزم و كه‌س و هاونیشتمانیانی خۆی خۆش بوێت.
"خۆشه‌ویستیی خاك و خه‌ڵك دوو شتن كه له ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا زۆر جەختیان لێ ده‌كرێت، مرۆڤی بڕوادار له‌سه‌ریه‌تی خۆشه‌ویستی نیشتمان و خه‌ڵك وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكات، پێویسته له دوعا و نزكانماندا هه‌میشه له خوای گه‌وره بپارێینه‌وه كه نیشتمانه‌كه‌مان و خه‌ڵكه‌كه‌مان بپارێزێ و دوعامان ئه‌وه بێت كوردستانیش وه‌ك هه‌ر وڵاتێكی تر ببێته ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵكه‌كه‌ی له ئاسوده‌ییدا بژین." مامۆستا جەوهەر، بەم پەیامە كۆتایی بە لێدوانەكەی هێنا.
سه‌لاح جه‌لال




