٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستا حەمە یووسف بۆ KDP: دەبێت وەكو دایك تەماشای نیشتیمان بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مامۆستایەكی ئایینیی ناوداری شاری هەڵەبجە دەڵێت، بەپێی فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) باشترین كەس ئەوەیە، باشترین بێت بۆ خزم و كەسوکار و نیشتیمانەکەی، خۆی تووشی گوناح و بێفەرمانیی خوا نەكات و پێچەوانەی نیشتیمان هیچ کارێک نەدات.

مامۆستا حەمە یووسف، مامۆستای ئایینیی ناوداری شاری هەڵەبجە، له‌ ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، باسی خۆشه‌ویستیی نیشتیمان ده‌كات و ده‌ڵێت، "پێغەمبەر (د.خ) لە فەرموودەیەكدا دەفەرمووێت، باشترین كەس لە ئێوە ئەو کەسەیە، باشترین بێت بۆ خزم و كەسوکار و نیشتیمانەکەی، خۆی تووشی گوناح و بێفەرمانیی خوا نەكات و پێچەوانەی نیشتیمان هیچ کارێک نەدات، چونکە نیشتیمان دایكی مرۆڤە، كاتێك كەسێك دایكی لێی بدات، ناچێت پەنا بەرێتە بەر كەسێكی تر، هەر دێتەوە بۆ باوەشی دایكی خۆی، دەبێت ئاوا وەك دایك تەماشای نیشتیمان بكرێت.

ئەو مامۆستا ئایینییە باسی ڕابردووی خۆی دەكات لەناو خەباتی كوردایەتیدا و دەڵیت، "لە ڕابردوودا ئێمە وەك مامۆستایانی ئایینی و فەقێیەكان، بۆ پرسی نیشتیمانپەروەری لە هەر چوار پارچەی كوردستان، بەهێزترین چین بووین. كاتێك شۆڕشی ئەیلوول نسكۆی بەسەردا هات، ئەو ئازارەی لەو كاتەدا پێم گەیشتووە، تا ئێستا دووبارە نەبووەتەوە، كاتێك مەلا مستەفا بارزانی كۆچی دوایی كرد، لەگەڵ مامۆستا شێخ عوسمانی مەردۆخیدا بووین، ڕۆیشتین بۆ لای ڕۆڵەكانی بارزانی لە شنۆ، جەنابی كاك ئیدریس و كاك مەسعوودمان بینی و سەرەخۆشیمان لێ كردن، بە كاك مەسعوودم گوت: كاتێك یەكێك باوكی دەمرێت، پێی دەڵێن باوكی ئێمەش بوو، ئەوە ئەگەر بۆ غەیری جەنابی بارزانی بگوترێت، ڕەنگە نەوعێك مەجاز بێت، بەڵام بۆ جەنابی بارزانی ڕاستییە، چونكە بەڕاستی مستەفا بارزانیی نەمر، باوكی میللەتی كورد بووە.

مامۆستا حەمە یووسف لە كۆتاییدا دەڵێت، "ڕوو دەكەمە دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەم، بۆ ئەوەی گەنجەكانمان خۆیان لە پێناوی نیشتیمان بكەنە قوربانی، دەبێت زیاتر خزمەتیان بكەن و وایان لێ بكەن وڵاتی خۆیان خۆشبوێت.

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار