سایلۆكانی قوشتەپە و گەرمیان و روڤیا تەواو بوونە و ئهمساڵ گەنم وهردهگرن

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێم بە کەرتی کشتوکاڵ، بۆ ئەمساڵ سێ سایلۆی تازە گەنم لە جووتیاران وەردەگرن و دوو سایۆی تازەش دروست دەکرێن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ داوە و بە تایبەت لەم کابینەیەدا بایەخێکی زۆر بە دروستکردنی سایلۆ دراوە، بۆ ئەوەی بەرھەمی جووتیارانی تێدا ھەڵبگرن و لە ھەموو ناوچەکانیش سایلۆ دروست بکرێن، ئێستاش سێ سایلۆ تەواو بوونە و ئەمساڵ ئامادە دەبن بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، ئەوانیش سایلۆی قوشتەپە و سایلۆی گەرمیان و سایلۆی روڤیان، کە ھەرسێ سایلۆ تەواو بوونە و ئەمساڵ ئامادەن بۆ ئەوەی گەنم لە جووتیاران وەربگرن.
شێخ کامیل بۆ ماڵپەڕی KDP گوتیشی، ھەر سایلۆیەک ٤٠ ھەزار تۆن گەنم دەگرێت و ستافیشیان بۆ دانراوە بۆ ئەوەی سایلۆیەکان بەڕێوە ببەن، بۆیە ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان و ساخبوونەوەی بەرھەمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان.
ناوبراو دەشڵێت، جگە لەو سێ سایلۆیە، ئێستا سایلۆیەکیش لە ھەڵەبجە لە دروستکردندایە و ئەویش بۆ ساڵی داھاتوو تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت جووتیارانی ھەرێمی کوردستان و لە زاخۆش سایلۆیەکی دیکە دروست دەکرێت، کە ئێستا گەیشتووەتە قۆناغی تەندەر و ئەویش لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەست بە دروستکردنی دەکرێت، بۆیە بەردەوام دەبین لە ھەر شوێنێک پێویست بێت، سایلۆی تازە دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی جووتیاران ناچار نەبن بۆ رادەستکردنی گەنم ڕوو لە ناوچەیەکی دیکە بکەن.
بڵند ئیبراھیم




