وەزارەت بۆ KDP: بەم زووانە ٩ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دابەش دەکەین

ھەولێر-KDPP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەم زووانە دەست بە دابەشکردنی زیاتر لە ٩ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەکەن و دەشڵێ، ئەوەی فەرمانبەر بێت، ئەگەر یەکەی نیشتەجێبوونی وەرگرت، لە وەرگرتنی زەوی بێبەش دەبێت و پێویستە یەک جار سوودمەند بێت.
توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بڕیارمان داوە ئەو ٩ ھەزار و ٤ یەکەی نیشتەجێبوونەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروستی دەکات، کە بەشێکی ھێشتا تەواو نەبووە، تیروپشکیان بۆ بکرێت و بەسەر خەڵکیدا دابەش بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش داوامان لە پارێزگا و شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان کردووە زانیاریمان بۆ ڕەوانە بکەن، بۆ ئەوەی دەست بە تیروپشک بکرێت، هەرچەندە بڕیار بوو لەم مانگەدا دابەشیان بکەین، بەڵام ھەندێک پشوو ھاتنە پێشەوە و ھەندێک دواکەوت، بۆیە بەم زووانە دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت.
بەشیر گوتیشی، ھەندێک لە پارێزگاکان باسیان لەوە کرد، کە بەشێک لەو کەسانەی داوایان کردووە فەرمانبەرن و رەنگە زەوییان بۆ دەربچێت، بۆیە ئەوکات ئەوەی یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ دەردەچێت، سەرپشک دەبێت لەوەی زەوی وەربگرێت یاخود یەکەی نیشتەجێبوون، بۆیە پێویستە تەنیا یەکێک لەو دووانە وەربگرێت، بەڵام ئێمە مەبەستمانە دابەشی بکەین، بۆ ئەوەی خەڵک بزانێت لە داھاتوودا دەبێتە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوون و دوودڵ نەبێت، چونکە ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون، ئێمە لەھەوڵداین بۆ ئەوەی تەواو بکرێن و خەڵک بچنە ناو یەکەکانی خۆیانەوە.
بڵند ئیبراھیم




