"بە ڕێکخستنەوەی میلاک شوێنی مامۆستایانی خانەنشین پڕدەکرێتەوە"

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەھۆی دروستبوونی بۆشایی لە میلاک بەھۆی خانەنشین بوونی ٥ ھەزار و ٥٠٠ مامۆستا، بڕیاریداوە ڕێکخستنەوە بۆ میلاک بکات و ئەو گرفتە چارەسەر بکات.
دکتۆر سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردە، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بەھۆی بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٥ ھەزار و ٥٠٠ مامۆستامان خانەنشین دەبێت و بۆشایی لە ناوەندەکانی خوێندن دروست دەبێت و حکوومەتیش بڕیاریداوە دامەزراندن جارێ بوەستێت و ھیچ کەسێکی تازە دانامەزرێت، بۆیە ئالیەتێک دانراوە بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندن دروست نەبێت، ھەر چەندە بۆ ئەم چەند مانگە گرفتەکە چارەسەر بووە و کاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندن دروست نابێت.
بریکاری وەزارەتی پەروەردە گوتیشی، لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی میلاک کێشەی کەمی مامۆستا لە ناوەندەکانی خوێندن چارەسەر دەکرێت، بە جۆرێک ئەو شوێنانەی مامۆستای زیادە دەبردرێن بۆ ئەو شوێنانەی مامۆستایان کەمە و ئەو گرفتەی ھەیە چارەسەر دەکرێت، بۆیە ڕێگە نادەین خانەنشینبوونی مامۆستایان ھیچ کاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان دروست بکات، بۆیە ڕێکخستنەوەی میلاکیش لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بە شێوەی کاتی ئەم چەند مانگەی ماوە خوێندنی ئەمساڵ، مامۆستایانی خانەنشین لە خوێندن بەردەوام بن و ئەو بڕە پارەی لە مووچەیان کەم دەبێتەوە لە داتای ناوخۆ پێیان بدرێت.
بڵند ئیبراھیم




