پارتی كۆمۆنیستی چین بۆ شاندی پارتی: به بایهخهوه له پهیوهندیمان لهگهڵ پارتی دهڕوانین

چین-KDP.info- شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی چین، کۆبوونەوەیەکی وردو فراوانی لەگەڵ بەرپرسی کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیاو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە پارتی کۆمۆنیستی چین بەڕێوەچوو.
لە چوارچێوەی سەردانی شاندی پارتی بەسەرۆکایەتی د.ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بۆ وڵاتی چین، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ۱۱ی ۳ی ۲٠۲٥ لە بارەگای سەرەکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کۆمۆنیستی چین کۆبوونەوەیەکی ورد و فراوانی ھەمەلایەنە لەگەڵ بەڕێز (یو وی) بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژئاوای ئاسیاو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیاو تیمی تایبەت بە عێراق و ئێران و ناوچەی کەنداو ئەنجام درا.
سەرەتا بەڕێز یو، بە وردی ھەڵوێستی پارتی کۆمۆنیستی چین و حکوومەتی چینی بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند بەوەی کە بە بایەخەوە لە پەیوەندی لەگەڵ پارتی دەڕوانن و پێگەی سیاسی و جەماوەری پارتی و کاریگەری گەورەی لەسەر سیاسەت و بڕیارەکانی ھەرێمی کوردستان و ھاوکێشەکانی عێراق و ناوچەکە بەرز دەنرخێنن.
ھەروەھا خواستی وڵاتەکەی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان و برەودانی زیاتری ھەمەلایەنە لەگەڵ پارتی و ھەرێمی کوردستان لە ئەولەویەتی کاری حزبەکەیان دانا و ڕایگەیاند شاندی باڵای پارتی یەکەم حزبی عێراقە لە ساڵی نوێدا کە داوەتی فەرمی چین دەکرێت و ئەمەش دەرخەری بایەخی پارتیە لەلای وڵاتی چین.
د. ھێمن لەلای خۆیەوە وێڕای سوپاسی گەرمی پارتی و ئەندامانی شاند بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و بانگھێشتکردنی شاندەکە، لە سەر کۆی ھاوکێشە ناوخۆییەکانی ھەرێم و دەرفەتەکانی وەبەرھێنانی کۆمپانیا چینییەکان و دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری عێراق و پرسی سووریا و ڕەوشی ئاشتی لە تورکیا و ھاوکێشە گشتییەکانی ناوچەکە، ڕاو سەرنج و ھەڵوێستی پارتی بە وردی بۆ شیکردەوە.






