٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی ٢١ی پارتی: بڵێسەی ڕاپەڕین دوای ڕانیە لە ٧ی ٣ گەیشتە سلێمانی

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستانده‌ڵێ، ڕاپەڕین بەرھەمی ویست، ئیرادە، خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان بوو دژی ستەم و سەرەتای قۆناغێکی نوێی دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان بوو لە ناوچەکەدا و  دەستپێکی گواستنەوەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی شاخ بوو بۆ شار.

شێخ ستار عەواڵانی، بەرپرسی لقی ٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دەوروبەری سلێمانی، لە یادی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی دژی ڕژێمی بەعس، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "وێڕای پیرۆزبایی گەرم لە گەلی کوردستان بەو بۆنە پیرۆزەوە، دەتوانم بڵێم ڕاپەڕین بەرھەمی ویست، ئیرادە، خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان بوو دژی ستەم، ئەگەر سەیری مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بکەین، ئێمە شاھیدی ڕوودانی دەیان شۆڕش و قوربانیدانین، ھەزاران شەھیدمان داوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان کە ڕاپەڕینە مێژووییەکەی ئاداری ١٩٩١ گرینگترین وێستگەی ئەو شۆڕش و خەباتەش و بەرھەمی یەکگرتوویی گەلەکەمانە لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانی، ئەوەش بە ڕۆڵ و نەخشەڕێگای سەرۆک بارزانی بوو لەو ڕاپەڕینەدا.

شێخ ستار سەبارەت بە لەباریی دۆخی ڕاپەڕین گوتی، "بە ھۆی ئەوەی بارودۆخەکە لەبار بوو بۆ ڕاپەرین، بینیمان دوای بڵێسەی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیە ئەم پرۆسەیە لە ٧ی ٣ گەیشتە سلێمانی و دواتر سەرتاسەری باشووری کوردستانی گرتەوە، ئەمەش دەستپێکی گواستنەوەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی شاخ بوو بۆ شار.

بەرپرسی لقی ٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌شڵێ، "پێویستە له‌م قۆناغه‌شدا وریا بین، چونکە ناوچەکە بەرەو گۆڕانێکی قووڵ دەڕوات، ئەمەش وا دەخوازێت ھەموو لایەک بە گیانی کوردستانییانە و یەکتر قبووڵکردن خۆمان ئامادە بکەین بۆ گۆڕانکارییەکان، بۆ ئەوەی بەردێکی تر بخەینە سەر دیواری دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و ئامانجە مەزنەکەی گەلی کوردستان.

 

سەلاح جەلال

 

هەواڵی پەیوەندیدار