ئێستا ھەرێمی کوردستان خاوەن چوار ھەزار مێگەوات کارەبایە"

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت گوتی: ھەرێمی کوردستان خاوەن ژێرخانێکی زۆر باشی کارەبایە و دەگاتە ھەشت ھەزار و ٢٠٠ مێگەوات، ئێستا چوار ھەزار مێگەوات کارەبا سووتەمەنی بۆ دابین دەکرێت بۆ ئەوەی بەرھەمی کارەبا زیاد بکرێت.
فارس میرخان، بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "ژێرخانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان دەگاتە ھەشت ھەزار و ٢٠٠ مێگەوات، بۆ چوار ھەزار مێگەوات کارەبا سووتەمەنی دابین دەکرێت، ئێستا لەگەڵ کۆمپانیای دانەغاز و کۆمپانیای دیکە کاردەکرێت بۆ ئەوەی سووتەمەنی زیاتر دابین بکرێت، بۆیە کە غاز زیاد بوو بەرھەمی کارەبا زیاتر دەبێت، چونکە ئێستا خواست لەسەر کارەبا حەوت ھەزار مێگەواتە، بۆیە ئێستا نزیکەی ١٠ کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتییان دەدرێت، بەھۆی کەمبوونەوەی لۆدی سەر کارەبا لەمەودوا کاتژمێرەکانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان زیاد دەبن و دۆخی کارەباش باشتر دەبێت."
فارس میرخان گوتیشی "ئێستا خەڵکێکی زۆر ڕوو لە بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی خۆر دەکات، لە عێراق حکوومەت ھاوکاری خەڵک دەکات، وەزیری کارەباش سەردانی کردین، ئێمەش داوامان کرد ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، ئەوان باس لە کردنەوەی لقی بانکی ڕافیدەین و ڕەشید لە ھەرێم دەکەن، بۆ ئەوەی قەرز بە ھاووڵاتییان بدرێت، بۆیە پێویستە وەزارەتی دارایی ئەو ھەنگاوە بنێت و ئەوانیش قسەیان لەگەڵ بانکی ناوەندی کردووە، چونکە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر باشە لەجیاتی ئەوەی سووتەمەنی سەرف بکرێت سوود لە خۆر وەردەگرین بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، بۆیە ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ھاوکاری خەڵک بکرێت لە بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی خۆرەوە."
میرخان باسی لەوەش کرد "ئێستا لە گەرمیان پڕۆژەیەکمان ھەیە، وێستگەیەکی ٢٠٠ مێگەواتە و لە غاز بەرھەم دێت، کاری تێدا دەکرێت و ھەوڵ دەدرێت لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بێت و ٢٠٠ مێگەوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان زیاد بکرێت."
بڵند ئیبراھیم




