٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ناوخۆ ھۆكاری کەم بوونەوەی ڕووداوەکانی ھاتوچۆ بۆ KDP ئاشكرا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، گرتنەبەری ھەندێک ڕێکار وای کردووە ڕووداوەکانی ھاتوچۆ لە ھەرێمی کوردستان کەم ببنەوە، لەوانە دانانی کامێراکان لەسەر شەقامەکان و ڕێگریکردن لە ھێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی مەرجی سەلامەتییان تێدا نییە.

دکتۆر ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ڕووداوەکانی ھاتوچۆ لە ھەرێمی کوردستان کەم ببنەوە و لە ئێستادا بەھۆی ھەندێک ڕێکارەوە ڕووداوەکانی ھاتوچۆ لە ھەرێمی کوردستان کەم بوونەتەوە، لەوانە دانانی کامێرا لەسەر شەقامەکان وای کردووە ڕووداوەکانی ھاتوچۆ لە ھەرێمی کوردستان کەم ببنەوە و جگە لەوەش ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە پشکنین دەرناچن، کە مەرجی سەلامەتییان تێدا نییە، بە ھیچ شێوەیەک تۆمار ناکرێن و پێویستە بگەڕێندڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی ھاوردە کراون لەلایەن بازرگانانەوە.

میرانی گوتیشی، دانانی ئەو کامێرایانەی لەسەر شەقامەکان دانراون، ڕووداوەکانی ھاتوچۆ و ژمارەی قوربانیانیشی بەراود بە پێش دانانی کامێراکان زۆر کەم کردووەتەوە، بۆیە ئەوە کارێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە ڕووداوەکانی ھاتوچۆ و داھاتیشیان بۆ وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، تەنیا بەشێکی نەبێت بۆ ھەندێک بابەتی پەیوەست بە کامێراکان وەکو چاککردنەوە و بابەتی ھونەری خەرج دەکرێت، ئەگەرنا ئەوەی دیکە بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار