١٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بەرز ڕاگیرا

ھەولێر-KDP.info- لە مەڕاسیمێکی شایستەدا ١٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەگای ماڵپەڕ بەرز ڕاگیرا.
ئەمڕۆ پێنچشەممە ٢٧ـی ٢ـی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و پۆلێک لە ڕۆشنبیر و ئەکادیمیست و ڕۆژنامەوان و نووسەران، ١٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرز ڕاگیرا.
لە سەرەتادا بەکر ئیبراھیم، بەڕێوەبەری ماڵپەڕی فەرمیی گوتاری بەخێرھاتنی پێشکەشکردوو ڕایگەیاند، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وەکو یەکەمین ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی بە فەرمی و وەکو زمانحاڵی پارتیمان، بەپێی بڕیاری کۆنگرەی ١٣ی پارتیمان کە لە ساڵی ٢٠١٠، بە پەسەندی ڕەھای ئەندامانی کۆنگرە بڕیاری کردنەوەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان درا، ئەوەبوو لە ٢٨-٢-٢٠١١ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیمان دامەزرا.

پاشان، د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک گوتارێکی پێشکەشکرد، تێیدا وێڕای ئاراستەکردنی پیرۆزبایی بۆ بەڕێوەبەر و نووسەر و کارمەندانی ماڵپەڕی پ.د.ک، ڕایگەیاند: پارتی ڕاگەیاندکەی وەک مێژووەکەی بەنرخ و پڕ بەھایە، ماڵپەڕی فەرمی پارتی، ڕوانگە سیاسیییەکەی سەرچاوەکەی لە ڕێبازی بارزانیی و پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی یەوە وەرگرتووە.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، باسی لەوەکرد، بەدرێژایی مێژوو ڕاگەیاندنی پارتی ڕاستگۆیانە کاری کردووە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو حەقیقەتەیە کە پارتی ڕوانگەی دروستی ھەیە بۆ کاری میدیا، لەگەڵ ئەوەشدا میدیای پارتی خودان ڕوانگەی ڕوونە و دەقەکانی دەکاتە واقع.
د.سالار عوسمان، سوپاسی ھەموو ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمسیت و ڕۆشنبیر و ڕۆشنفکرانەی کرد کە لە قۆناغەکانی ڕابردوو و ئێستاشدا لەڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتییەوە خزمەتی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردووە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ھەموو نووسەرانەی کە لە ماڵپەڕی فەرمی پارتیدا کاریان کردووە یان لە قۆناغەکانی ڕابردوودا بەشێک بوون لە سەرکەوتنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی.







