بەرپرسی لقی ١ بۆ KDP: چەندین چالاکی لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕێوەدەبەین

دھۆک-KDP.info- بەرپرسی لقی یەکی پارتی ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ بەپێی پلانێک چەندین چالاکی لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا بەڕێوەدەچن، لەوانەش داشکان لەلایەن پزیشکان و سازکردنی خوانی ئێوارە و پێشبڕکێی زانستی.
د.نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەوە چەندین چالاکی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بەڕێوەچوون، لەوانەش ھاوکاریکردنی خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت، ئەمساڵیش بەرنامەیەکی زۆر ڕێکوپێک ئامادە کراوە و لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا جێبەجێ دەکرێت.
بەرپرسی لقی ١ی پارتی گوتیشی: یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمە، ھاوکاریکردنی خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەتە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە ٥٠٠ دکتۆری دھۆک داشکان لەسەر نرخەکانیان بکەن بۆ مانگی ڕەمەزان وەک ھاوکاری بۆ خەڵکی ئێمە، ھەروەھا بەرنامەی دیکەش ھەیە بۆ ھاوکاریی خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت.
د.نەوزاد عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: بەرنامەیەکی دیکەی ڕەمەزانی ئەمساڵ ئەنجامدانی پێشبڕکێیەکی زانستییە بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر، لە چەند تەوەرێک پێکھاتووە و بەرھەمی بەشداربووان وەردەگیرێت بۆ بەڕێوەچوونی پێشبڕکێی ئەمساڵ.
قائید میرۆ




