گهیلان حاجی بۆ KDP: ٢٠٢٥ ساڵی بووژانهوهی ئابووری ههرێم دهبێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر پێی وایە، ئەمساڵ دەبێتە ساڵی بووژانەوەی ئابووری ھەرێمی کوردستان، ھاوکات ھۆکارەکەش بۆ چەند مەبەستێک دەگەڕێنێتەوە.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پێشبینی گۆڕانکاری دەکەین بۆ ئابووری ھەرێمی کوردستان، ئەمساڵ دەبێتە ساڵی بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان، ئەویش بەھۆی چەندین ھۆکارەوە، لەوانە سەردانەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت بۆ دەرەوە و دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ڕێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر چەندین بابەت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر گوتیشی: یەکێک لەو ھۆکارانەی دەبێتە ھۆی بووژانەوەی ئابووری، ھەناردەکردنەوەی نەوتە، چونکە لەڕووی سیاسی و ئابووری کاریگەری لەسەر ناوبانگی ھەرێم ھەیە، لەگەڵ کارکردنی کارگەکانی ناوخۆ کە چەندین کارگە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کاریان کردووە.
گەیلان حاجی سەعید دەشڵێ: ئێمە لەناو بازاڕین و زانیاریمان ھەیە ھەر لە ئێستاوە جووڵەیەکی باشی بازرگانی پەیدا بووە، خەڵک و بازرگانانمان ئومێدیان بۆ گەڕاوەتەوە، ئێمە دڵنیاین ئەگەر ھیچ ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە ناوچەکە ڕوونەدات ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی پڕ جووڵەی بازرگانی دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دوای دەستبەکاربوونی حکوومەتی نوێ.
قائید میرۆ




