مامۆستایانی زانکۆ: نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی كوردستانیان بە ڕووی جیهاندا نزیكتر كردەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەکادیمیست و مامۆستایانی زانکۆ، لە ڕەھەندی جیاوازەوە باس لە گرنگیی بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت لە چالاکی و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان دەکەن و دەڵێن، سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستان جێگەی بایەخ و متمانەی وڵاتانی زلھێزی جیھانن، چونکە کوردستان ھەمیشە فاکتەرێک بووە بۆ سەقامگیریی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان بە گشتی.
د.ئەڤین خالید، ڕاگری کۆلێژی یاسا لە زانکۆی دھۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، "بێگومان بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چالاکییە نێودەوڵەتییەکاندا، مانایەکی زۆر گەورەی ھەیە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەزانێت ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی فیدراڵی، جێگەی متمانەی ئەوانە و دەتوانێت لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر چالاکی بکەن، ئەوەش نەک ھەر تەنیا خزمەتی ھەرێم، بگرە خزمەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش بکات.
ئەوەش دەخاتە ڕوو، ئەمە یەکەم سەردان و چالاکیی نێودەوڵەتی نییە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت بەشدار بن، بەڵکو پێشتریش بەشدارییان لە چەندان چالاکیی جۆراوجۆری گرنگ لەسەر ئاستی باڵای نێودەوڵەتیی ھاوشان لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان کردووە.
ڕاگری کۆلێژی یاسا لە زانکۆی دھۆک لە درێژەی باسی گرنگیی ئەم سەردانانەدا دەڵێت، "لە شەڕی داعش و ھەڕەشەی ئەو ڕێکخراوە لەسەر ھەموو جیھان، ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە توانییان ئەو ھەڕەشەیە ڕابگرن کە کاریگەرییان لەسەر ئابووریی جیھان ھەبوو، ھەرێمی کوردستان کاردانەوەی نێودەوڵەتیی ھەبوو، ھەرێم کاریگەری لەسەر سەقامگیریی جیھان ھەیە و ھەنگاوی زۆر نراوە و وای کردووە وڵاتان بێن کۆنسووڵخانەی خۆیان لە ھەولێر بکەنەوە، بۆیە بڕوای زۆریان بە ھەرێم و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە ئامانجی ھەرێم و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، لە ناوچەکەدا سەقامگیری ھەبێت، بۆیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستی بە ھەرێمی کوردستانە.
لە ماوەی ڕۆژانی ١٤ بۆ ١٦ی شوبات، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی ئاساییشی میونشندا، لە پاڵ سەرکردەی وڵاتانی جیھان، پێشنیاز و بۆچوونەکانی لەبارەی سەقامگیریی ھەموو جیھان بە گشتی بەھەند وەرگیرا و لە پەراوێزی ئەو کۆنفرانسەشدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی چاوی بە زیاتر لە ٣٠ سەرۆک و سەرۆکی حکوومەت و سەرکردەی وڵاتانی جیھانی کەوت و بیروڕای جیاوازیان لەمەڕ ناوەڕۆکی کۆنفرانسەکە و دۆخی تایبەتی ھەرێمی کوردستان گۆڕییەوە. لە ھەمان کاتدا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنگرەی حکوومەتەکان لە وڵاتی ئیمارات کرد و یەکێک لە پانێلە سەرەکییەکانی بۆ تەرخان کرابوو، بە ھەمان شێوە مەسروور بارزانی چاوی بە سەرۆکی ئیمارات و زۆربەی بەشداربووانی ئەو کۆنگرەیە کەوت و بیروڕای جیاوازیان گۆڕییەوە. ھەردوو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت، بانگھێشتی چەندان سەرکردەی جیھانییان کرد کە بێن لە نزیکەوە ڕەوشی سەقامگیری کوردستان ببینن.
ھەر لە بارەی گرنگیی ئەم بەشدارییانە، دکتۆر کاوە عەبدولعەزیزیش کە مامۆستای زانکۆیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی میونشن کە بە کۆنگرەی ئاشتی ناسراوە، دوو پەیامی ھەیە، یەکەم ھەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرنگە لە ھاوکێشەی نێودەوڵەتیدا و جێگەی گرنگیدانە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، خاڵی دووەم، بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێم وەکو کەسایەتییەکی کاریزما لەناو سەرکردە گەورەکان، جێگەی متمانەیە، وەکو کلیلی چارەسەری کێشەکان و یەکلاکردنەوەی پرسە ھەڵواسراوەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش دوای ئەو کێشانەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروست بوون، بۆیە قۆناغی ئێستا بە قۆناغی ئاوەدانی و ئارامی ھەژمار دەکرێت و کەسانی کاریگەر و جێگەی متمانە دەتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ڕوونیشی کردەوە، "سەرۆکی ھەرێم یەکێکە لە سەرکردە دیارەکان، کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان ئەنجام دا و کۆمەڵێک لێکتێگەیشتن ھەبووە کە لە خزمەتی ھەرێمی کوردستاندا دەبێت، بۆیە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھێزی باڵانسە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقدا و دەتوانێت ناکۆکییەکان چارەسەر بکات، کە بێگومان لە ھەرێمی کوردستانیش ھەمان ڕۆڵی ھەیە، بۆیە لە قۆناغی داھاتوودا ڕادەسپێردرێت بۆ چارەسەری کێشەی لایەنەکانی کورد لە سووریا و ڕۆڵێکی گرینگیشی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەبێت.
ئەوەش دەخاتە ڕوو، "بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت لە چالاکی و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی، یەکجار گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان بە گشتی، وا دەکات پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر بچێتە پێشەوە و وڵاتانیش گرینگی زیاتر بە ھەرێمی کوردستان بدەن، چونکە ھەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی، ھەمیشە جێگەی متمانەی وڵاتانن، بە تایبەتی سەرکردەی وڵاتانی زلھێز، ئەمەش بە گشتی لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندایە.
بڵند ئیبراھیم




