٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئیستۆنیا كۆبووه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

میونشن-KDP.info- ھەر لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی ٢٠٢٥/٢/١٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا کۆبووەوە.

کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان ئیستۆنیا و عێراق و ھەرێمی کوردستان بوو، ھەروەھا باسیان لە چۆنیەتیی بەھێزکردنی ھاوکاریی ھاوبەش لە بوارەکانی ئاسایش، تەکنەلۆژیا و پەروەردەدا کرد.

نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی ئیستۆنیا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەربڕی، ھەروەھا ستایشی دەرفەتەکانی ھاوکاریی لە بواری تەکنەلۆژیا و خوێندنی باڵای نێوان ھەردوولادا کرد.

لای خۆیەوە، سەرۆک ئالار کاریس خواستی ئیستۆنیای بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بانگھێشت کرد بۆ سەر‌دانی ئیستۆنیا، ھەروەھا ئاماژەی بە گرنگیی ھاوبەشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییە ھەرێمایەتییەکاندا، کرد.

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان، پێشھاتەکانی عێراق و سووریا، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار