سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات کۆبووەوە

ئیمارات-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی شوباتی 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوبەی، لەگەڵ سوهەیل ئەلمەزروعی، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لەنێوان هەردوولا لە بواری وزە و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی حکوومەت لە بواری وزە و باشترکردنی کەرتی کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەوڵەکانی حکوومەت بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی لە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2026 خستەڕوو.
وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات، ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە سوودوەرگرتن لە شارەزایی ئیمارات لە بواری وزە و وزەی نوێبووەوە و کارەبادا.




