سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئیمارات کۆبووەوە

ئیمارات-KDP.info- پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ شێخ سەیف بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆی ئیمارات کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، هەردوولا جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان، ڕۆژی سێشەممە، 11-02-2025، لە شاری دوبەی دەستی پێ کردووە و کارەکانی تاوەکوو ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-02-2025، بەردەوام دەبن.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، ڕۆژی دووشەممە، 10-02-2025، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومەتی، بۆ بەشداریی لە لووتکەکە، گەیشتە ئیمارات و ئەمە چوارەم ساڵە لەسەر یەک، بەشدار دەبێت.
ئەندامانی ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکان بریتین لە:
1- قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
2- ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.
3- ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
4- ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.




