د. سەباح بۆ KDP: هەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم تەنیا ماوە مەرسوومی بۆ دەربچێت

ھەولێر-KDP.info- ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق (د. سەباح سوبحی) گوتی، ئامادەکاریی تەواو بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە کراوە و تا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێدەکاتەوە، کە رۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکرێت.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، هەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە تەنیا ماوە مەرسوومی بۆ دەربچێت و لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاو بکرێتەوە، کە ئەوکات ڕاستەوخۆ دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێت و ھەمواری یاساکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە ئەگەر لەم ھەفتەیەدا دەست پێنەکات، سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە، چونکە ھیچ ڕێگرییەک نەماوە و ئامادەکاریی تەواوی بۆ کراوە.
سوبحی گوتیشی، لایەنی تورکیش ئامادەکاریی دەربڕیوە بۆ ئەوەی دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بکرێت و بۆرییەکان ھیچ گرفتیان نییە و چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی نەوت دەکرێت و کۆمپانیاکانیش ئامادەن، بۆیە ئامادەکاری کراوە لە یەکەم ڕۆژدا ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکرێت و بۆ ھەر بەرمیلێکیش ١٦ دۆلار بۆ کۆمپانیاکان حیساب دەکرێت، بۆیە ئامادەکاری لەلایەن حکوومەتی ھەرێم و کۆمپانیای سۆمۆ و تورکیا و کۆمپانیاکانیشەوە کراوە و ئێستا تەنیا لەسەر کات ماوە دەست پێبکرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، یەکەم ھەنگاو نەوت ھەناردە دەکرێتەوە و دواتر قۆناغی دیکەی بەدوادا دێت، چونکە لەم قۆناغەدا ١٦ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک دیاری کراوە و دواتر دەستەیەکی ڕاوێژکاری دێت ھەڵسەنگاندن بۆ نەوتی ھەرێم دەکات و پاشان رێگا خۆش دەبێت بۆ کۆمپانیاکان بچن لە عێراقیش کار بکەن و گەشە بە کەرتی نەوت بدەن، بۆیە ھاتنی دەستەی ڕاوێژکاری بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




