د.ڤیان سەبری: دوای ڕاگرتنی نەوت، عێراق گۆڕانکاریی لە ڕێککەوتنەکاندا کرد

ئەوروپا -KDP.info- لقی ٦ی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان، سیمینارێکی لە ڕێگەی وێبینارەوە بۆ د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی پرسی مووچە و بودجەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە برد، ناوبراو تیشکی خستە سەر ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی سوودانی و دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان."
د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەرەتا تیشکی خستە سەر دەستووری عێراق و گوتی "ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستوورێکمان ھەبوو، پێویستە لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە، ھەندێک بڕگەی یاسایی پەیوەست بە شایستە داراییەکانی کوردستان جێبەجێ بکرێن، ئێمە ئەگەر ئێستا باسی ئەم ساڵانەی کۆتایی بکەین لە حکوومەتی محەممەد شیاع سوودانی کە پێکھاتووە لە ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشێکی سەرەکیی ئەم ھاوپەیمانیەین، ئێمە لەگەڵ ئەوان لەسەر سێ بڕگە پێکهاتبووین، (یەکەم سیاسی، دووەم یاسایی، سێیەم جێبەجێکردن). لە بڕگەی جێبەجێکردن لەناو ماددەکانی جێبەجێکردن ئێمە دەڵێین عێراق و ھەرێمی کوردستان پێداچوونەوەیەکی گشتی بکەن بۆ گرێبەستە نەوتییەکان، ھەروەھا پێداچوونەوەیەکی گشتیش بکەن بۆ شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "ئەوەی لەبارەی یاسادانان باس کراوە کە ئەگەر یاسای نەوت و غازمان تەواو بوو، پێویستە دیدێکی گونجاو ھەبێت و ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت، دەربارەی بودجەش لە حکوومەتی محەممەد شیاع سوودانی بڕیار بوو یاسای بودجە بۆ سێ ساڵ بێت، واتا ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، ئێمە وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قبووڵمان کرد، لە ساڵی ٢٠٢٣، ڕێک لە ٢٥-٣-٢٠٢٣ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕاگیرا، ئەوەش لە ئەنجامی سکاڵایەکی عێراق لە دەوڵەتی تورکیا لەسەر ئەو بۆڕییە نەوتەی دەچوو بۆ بەندەری جەیھان، ئەو ڕێککەوتننامەیەی لەنێو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەبوو، گۆڕانکاریی بەسەردا ھات و عێراق ئاڵوگۆڕی بە ھەموو بڕگەکان کرد."
ھاوکات د.ڤیان سەبری گوتی "ئێمە لە ساڵی ٢٠٢٣ تا ئێستا دوو کێشەمان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی هەیە، لەسەر بودجەی (وەبەرھێنان و بەکاربردن)، بەڵام ھیچیان نادەن بە ئێمە، واتا شایستە داراییەکانی ئێمە لای حکوومەتی عێراقی شایستەی تەواون بەبێ منەتکردن، کەواتە حکوومەتی عێراقی نابێ منەت لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکاتکە مووچە دەنێرێت.
ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سوورین لەسەر ئەوەی کە ئەوە بە شێوەی دەستووریی لە بودجەی عێراقی مافی خۆمانە و منەتی کەسی تێدا نییە، ئەوەی لەسەر ئێمەیە کردوومانە و پێویستە ئەوەی لەسەر ئەوانیشە جێبەجێی بکەن، بەڵام بەداخەوە کوردیش بەرامبەر بەغدا خاوەنی یەک گوتار نییە."
ھاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سوپاسی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی کرد کە ھەموو کات لەسەر ھێڵن لەگەڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
قائید میرۆ




