بەڕێوەبەری پارکەکان بۆ KDP: لە دھۆک گەورەترین پارک دروست دەکرێت

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی دھۆک ڕایدەگەیەنێت، بەردەوام لە پارێزگای دھۆک پارکی تازە دروست دەکرێن و ئێستا دوو پارکی دیکەش تەواو بوونە و دووی دیکەش لە بواری جێبەجێکردندان، بەمەش دەبینە خاوەن ١٢ پارک و ١٥٠ باخچە، کە ڕێژەی سەوزاییش ٢% زیاد دەکات.
کاروان ساڵح، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی دھۆک، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە دروستکردنی پارک و باخچە و زیادکردنی سەوزایی لە ھەرێمی کوردستان، لە پارێزگای ھۆکیش بەردەوام کار بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی دەکرێت و ئێمە خاوەنی ھەشت پارک بووین و دووی دیکەش تەواو بوون، کە ئێستا بووەتە ١٠ پارک و دوو پارکی دیکەش لە بواری جێبەجێکردندان، کە یەکێک دەبێتە گەورەترین پارک و دەبینە خاوەن ١٢ پارک و ١٥٠ باخچە، ئەمە تەنیا لە سەنتەری پارێزگای دھۆک، کە ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگاکە بەردەوام لە زیادبووندایە، چونکە جگە لە پارک، بەردەوام ھەڵمەتی دارچاندنیش ئەنجام دەدەین.
کاروان ساڵح باس لەوەش دەکات: ئەو پارکانەی دھۆک کە ڕووبەریان لە حەوت ھەزار مەتر چوارگۆشە زیاترە، بە پارک ھەژماریان دەکەین، بەڵام ئەگەر کەمتر بێت بە باخچە ھەژمار دەکرێن، بۆیە بە تەواوبوونی ئەو دوو پارکەی ئێستا لە بواری جێبەجێکردندان، ڕێژەی سەوزایی لە دھۆک ٢% زیاد دەبێت و ھەوڵیش دەدەین لە ڕێگەی دروستکردنی پارکی تازە و دارچاندنەوە، ڕێژەی سەوزایی بۆ بەرزترین ئاست زیاد بکەین، کە لە ئێستادا ئەو پڕۆژانەی لە بەردەستدان و لە بواری جێبەجێکردندان، ئەگەر تەواوبن ڕێژەی سەوزایی دەگاتە ١٧%، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ڕێژەکە زۆر لەوە زیاتر بێت.
بڵند ئیبراھیم




