٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

كورد له‌ نامەیەكدا سه‌رجه‌م مه‌رج و داواكاریی و هه‌ڵوێسته‌كانی بۆ شیعە ڕوونتر ده‌كاته‌وه‌

سەرچاوە: Hewler

ئاماده‌كردن: هێمن بابان ڕەحیم- رۆژنامەی هەولێر
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم فوئاد حوسێن رایگەیاند كە ئەمڕۆ چوارشەممە فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق نامەیەك دەنووسنەوە و رەوانەی هاوپەیمانیی نیشتمانی دەكەن كە داواكارییەكانی كورد لە خۆ دەگرێت. ئەو دەڵێ "قەیرانی عێراق ئاڵۆزە و چارەسەریش نابینین."

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان د. فوئاد حوسێن رایگەیاند "وا بڕیارە ئەم چوارشەممەیە ئەو لیژنەیەی لە فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق پێك هێنراوە لەبارەی كێشەكانی عێراق نامەیەك بۆ هاوپەیمانیی نیشتمانی بنووسنەوە و رەوانەی بكەن." لەبارەی وردەكاریی ئەو نامەیەیشەوە گوتی "وابڕیارە نامەكە داواكارییەكانی پێشووی كورد و ژمارەیەك داواكاریی دیكەیش لە خۆ بگرێت، جگە لە دیاریكردنی رێگەچارەكان. دواتر سەركردایەتیی كوردستان چاوەڕوانی وەڵامی هاوپەیمانیی نیشتمانی دەبێت لەسەر ئەو نامەیە بۆ ئەوەی وەڵامی یەكلاكەرەوە و هەڵوێستی كۆتایی خۆی لەمەڕ پڕۆسەی سیاسی لە عێراق دیاری بكات."

فوئاد حوسێن لە درێژەی قسەكانیدا بۆ رۆژنامەنووسان كە لە پەراوێزی كردنەوەی هەشتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆ كتێب لە هەولێر كردنی، هاوپەیمانیی نیشتمانیی بە بەرپرس زانی لە كێشەكانی ئێستای عێراق، چونكە سەرۆكوەزیران لە دەوڵەتی یاسایە و ئەم لیستەیش بەشێكە لە هاوپەیمانیی نیشتمانی."
ئەو دەڵێ "قەیران و كێشەكانی عێراق زۆرن، هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەرێم و بەغدا، خۆپێشاندانەكان، تێكچوونی ئەمنی عێراق، ئەمانە هەموو كێشەن، جیا لەمانەیش پێوەندیی نێوان پێكهاتەكان و لایەنە سیاسییەكان و بارودۆخی ئاساییش و سەقامگیریی عێراق وای كردووە ئەو قەیرانەی لە عێراقدا هەن ئاڵۆزتر ببنەوە."

فوئاد حوسێن دووپاتی كردەوە كە نوێنەرانی كورد ناگەڕێنەوە بۆ بەغدا و گوتیشی لە دوایین كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و ئەو نوێنەرانەدا سەرجەم كێشەكان و هەنگاوەكان باس كراون، لەگەڵ خستنەڕووی چارەسەری كێشەكان. رەتیشی كردەوە ئەو نەچوونەوە بە بایكۆتكردن بناسرێت. هەروەها بێئاگایی خۆی لە ئەگەری سەردانی شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەولێر نیشان دا. لەبارەی گەڕانەوەی وەزیرەكانی رەوتی سەدریش بۆ نێو حكوومەت پاش بایكۆتكردن بۆ ماوەی زیاتر لە 10 رۆژ فوئاد حوسێن گوتی "زروفی ئەوان دەزانین و جیاوازە، بەڵام هەماهەنگییان لەگەڵ سەركردایەتیی كوردستاندا هەیە."

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوە كرد كە كورد بەشێكە لە عێراق و ناوچەكە و بە "سیاسەتێكی راستگۆیانە" توانیویەتی پاڵپشتیی وڵاتان بەدەست بهێنێت. ئەو دەڵێ "هەموو ئەو مەسەلانەی دەیخەینە ڕوو بۆ بەرژەوەندیی عێراقە، ناسنانەمان كوردستانییە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا."

فوئاد حوسێن هۆشداریشی دا لە بوونی كێشەیەكی گەورە و قەیرانێكی قوڵ لە نێوان دەستەڵات و سەرجەم عێراقییەكان، جگە لە بوونی كێشەی حوكم لەگەڵ هاوبەشەكان و پێكهاتەكانیشی.

هەواڵی پەیوەندیدار