٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

بەیان سامی عەبدولڕەحمان بۆ خەبات: ئێمە بەو داننانەی پەرلەمانی بەریتانیا دەستكەوتێكی گەورەمان بۆ گەلی كورد و خانەوادەی شەهیدان بەدەستهێنا

سەرچاوە: KDP.info

خەبات: محەمەد زەنگەنە
لەدیمانەیەكی تایبەت بە خەبات كە لەڕۆژانی ئایندەدا بڵاو دەكرێتەوە، بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی دەرهەق بەگەلی كورد بە دەستكەوتێكی گەورەی نەتەوەی كورد لە قەڵەمدا بەو پێیەی دەوڵەتێكی زلهێزی وەكو بەریتانیا پەرلەمانەكەی ئەم تاوانە بە تاوانی كۆمەڵكوژی بناسێنێت، ئاشكراشیكرد لە ئایندەیەكی نزیكیشیدا حكوومەتی بەریتانیا گفتوگۆ لەبارەی ئەم شتەوە دەكات.
چالاكیی بەردەوام
بەیان سامی عەبدولڕەحمان نیشانیدا ساڵانە لەپەرلەمانی بەریتانیا چەندین چالاكی لەساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە و هەڵمەتی ئەنفالی بەدناو ئەنجامدەدران وبەرپرسانی كورد وبەریتانی و ڕۆشنبیر وشارەزایانی ئەم بوارە بەڕێوەدەچێت، ولەساڵی 2010 لەنێو پەرلەمانی بەریتانیا بە بەشداریی د.كەمال كەركووكی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان كۆنفڕانسێكی بچووك بەڕێوەچوو ئەمەش

بەقسەی خاتوو بەیان بووە هۆی ئەوەی كورد دۆستێكی زۆر بۆ خۆی پەیدا بكات هەروەها گوتی: ئەو چالاكییانەی ئێمە بەردەوام بوون تا گەیشتە ئەو كاتەی بیر لەوە بكەینەوە چۆن سوود لەو

شارەزا ودۆستانی كورد وەربگرینەوە بۆیە گرووپێكمان لەوان و لەپەرلەمانتارانی بەریتانیا پێكهێنا وبڕیارماندا سێ مانگ جارێك دابنیشین وهەر جارێك باسی پرسێكی لەمجۆرە بكەین ئەمەش لەساڵی 2011 بوو ئەم گرووپەی ئێمەش كەسانێكی زۆری لەچالاكوان وڕاگەیاندنكار و وشارەزایانی بوارەكەی تیادایە لە كورد ولەبەریتانی وئەمەریكایی.
زەروورەتی ناساندنی تاوانەكە
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا ئەوەی ڕاگەیاند گرووپەكەیان چەند ئامانجێكی هەیە لەوانە بەجیهانی ناساندنی تاوانەكە و تۆڵەسەندنەوەی یاسایی و دادوەرانە بۆ كەسوكاری قوربانیان و قەرەبۆكردنەوەیان لەڕووی ماددییەوە لەهەموویشی گرنگتر بوونی پرسی جینۆسایدی كورد وەكو ماددەیەكی خوێندن لەزانكۆكانی جیهان هاوشێوەی هۆلۆكۆست و جینۆسایدی بۆسنیا و ڕواندا وگوتی: بەداخەوە پرسی جینۆسایدی كورد زۆر بەكەمی لەجیهاندا باسی لێوە دەكرا بۆیە ئێمە ئامانجمان ئەوە بوو نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەورووپا ئەمەش كات و كارێكی زۆری دەوێت وڕەنگە دادگایەكی جیهانیشی پێویست بێت ئەوەیشی بۆ ئێمە باش بوو ئەوە بوو كە لەعێراق دادگای خۆی هەبوو كە سوودێكی سیاسی و یاسایی ومرۆیی هەبوو، ئێمە لەبەریتانیاوە دەستمان پێكرد بەڵام نەماندەزانی لەسوید ونەرویژ وكەنەدا هەمان بزاڤ هەیە، ئەندامێكی گرووپەكەمان پێشنیاری ئەوەی كرد داواكارییەكی ئیمزاكراو پێشكەشی پەرلەمان بكرێت بۆ باسكردنی پرسی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بەكورد كە دەبێ سەد هەزار ئیمزای بۆ كۆبكرێتەوە بەڵام لەبەرایی مەسەلەكەدا ئیمزا زۆر كەك كۆكرانەوە بۆیە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بە هەبوونی  وێبسایتێكی تایبەت ئەو مەسەلەیەمان كرد و وێپسایتی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان لەبەریتانیا بۆ ئەو مەبەستە بەكارهێنا بەوەی كە داواكاری پێشكەشی خەڵك بكەین بۆ پەیوەندیكردن لەبارەی ئەو مەسەلەیە وخۆشبەختانە هەزارەها كەس پەیوەندییان پێكردین، لەهەمانكاتیشدا لەبەریتانیا چەندین لۆبیمان دروستكرد و لەگەڵ هەردوو ئەنجوومەنی پەرلەمانی بەریتانیا چەندین ڕێگامان گرت وكەسانێكی زۆر بەشێوەیەكی خۆبەخشانە وچەندین كۆمپانیاش پارەیان بۆ ئەو مەبەستە پاڵپشتییان كردین بۆ ئەوەی بەو كارە هەڵبستین ئەمە جگە لە بودجەی خۆمان وەكو نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا.
تاوانەكەمان بە كەسانێكی زۆر ناساند
خاتوو بەیان ڕایگەیاند كەسانێكی زۆر بەبۆنەی ئەو بزاڤەوە شارەزاییان لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە پەیداكرد و چەندین ڕۆژنامەی بەریتانی لەبارەی ئەو مەسەلەیە ڕاپۆرتیان نووسی بۆیە لەمانگی یەكی 2013 كۆنفڕانسێكی گەورە لە لەندەن لەمبارەیەوە بەڕێوەچوو كە چەندین كەسایەتیی كورد و بەریتانی بەشدارییان تیاداكرد وگوتی: لەمانگی یەكی ئەمساڵ حكوومەتی بەریتانیا وەڵامی ئیمزاكارانی دایەوە بەوەی ئەوان دەزانن كورد زۆرترین مەینەتیی لەدەستی سەددامەوە چەشت ودەبێ دادگایەكی جیهانی بەسەرپەرشتیی ڕێكخراوێكی جیهانی ودواتر وەكو حكوومەت بڕیاری لەسەر دەدەین بەڵام ئەوەیان ڕاگەیاندبوو كە لەدژی چەكی كیمیاوین و نیگەرانیی خۆیان بەوە نیشاندابوو كە تاوەكو ئێستا ئەم تاوانە بەڕەسمی نەناسراوە.
گفتوگۆكانی پەرلەمان
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا ئەوەی نیشاندا دوای ئەوەی سوێد و نەرویژ بڕیاری خۆیان لەمبارەیەوە دا پێویستیی ئەوە بوو بەریتانیاش پەرلەمانەكەی بێتە قسە ودۆستانی كورد لەمبارەیەوە درێغییان لەوە نەكرد پەرلەمانی بەریتانیا بەشێوەیەیك فەرمی دان بەم تاوانەدا بنێت بۆیە لەكۆتایی مانگی شوبات ئەو گفتوگۆیە كرا و گوتی: لەسیستەمی بەریتانیا بەبێ قسە و بۆچوونی حكوومەت زەحمەتە،بۆیە باسكردنی ئەم بابەتە لەپەرلەمان بەبێ بۆچوونی حكوومەت دەستكەوتێك بوو بۆ ئێمە، لەدانیشتنی پەرلەمان كە نوێنەرایەتیی زۆربەی زۆری حزبە كوردستانییەكان تیایدا ئامادەبوون، لەدانیشتنەكەدا پەرلەمانتاران قسەی زۆریان لەبارەوە كرد و تەنانە لەگەڵ ئێمەش لۆرد جێفری ئارچەر كە مافی نییە لەدانیشتنەكەدا بەشدار بێت بەڵام لەگەڵ ئێمە دانیشت و ئەمەش لەخۆیدا سەلماندنی دۆستایەتیی ئەو كەسایەتییەیە لەگەڵ كورد وپێشتانی ڕادەگەیەنم یەكێك لە نەوەكانی وێنستۆن چەرچڵی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەسەردەمی شەڕی دووەمی جیهان كە ئەندامی پەرلەمانە لەو دانیشتنەدا ئامادەبوو و ڕایگەیاند دەیەوێ بێتە كوردستان ویان ئەمساڵ یان ساڵی ئایندە دێتە كوردستان،هەروەها لەهەموویشی گرنگتر ئەوە بوو ئێمە توانیمان حزبەكانی دەسەڵات وئۆپۆزیسیۆنی بەریتانیا بەوە قەناعەت پێبهێنین كە پشتگیریی بەجینۆساید ناساندنی ئەم تاوانانە بكەن لەدژی كورد و ئۆپۆزیسیۆن داوای ئەوەشیان كرد لەگەڵ حكوومەت بگەنە ڕێككەوتنێك بۆ هەبوونی سیغەیەكی تەواو بۆ ئەو مەسەلەیە ئەم قسانەش لەسەر زاری وەزیری كاروباری دەرەوەی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەلمێندرایەوە.
دەستكەوتێكی گەورە
بەیان سامی عەبدولڕەحمان نیشانیدا داننانی دەرەكی بەم تاوانانەی دژ بەكورد لەخۆیدا دەستكەوتێكە بۆ هەموو كورد وئەوانیش لەهەوڵەكانیان بۆ ئەو مەسەلەیە بەردەوام دەبن و گوتی: بەقسەكانی هەندێك لە برادەران زۆر نیگەران دەبم كاتێك گوێبیستی ئەوە دەبم كە دەیانەوێ لەگرنگیی مەسەلەكە كەم بكەنەوە بەوەی كە دەڵێن هەموو پەرلەمانتاران ئامادە نەبوون بۆیە پێمخۆشە ئەوان لەسیستەمی پەرلەمانی بەریتانیا تێبگەن، سیستەمی دەنگدانی پەرلەمانتارانی بەریتانیا لەبارەی پرسێك ئەگەر یاسایەك نەبوو بۆ وڵاتەكەیان نەبوو ئەوا مەرج نییە هەموویان ئامادەی دەنگدانەكە ببن بەڵكو لەماوەی هەفتەیەك بەر لە كۆبوونەوە تایبەتەكە بەو پرسە لە هەموو سایتەكانی ئینتەرنێت بڵاودەبێتەوە و بۆ هەموو پەرلەمانتاران دەنێردرێت و تا ئەو ماوەیە ئەگەر ئەو پەرلەمانتارە نەیگوت نەخێر ئەوا بێگومان پێیەوە ڕازییە و لەمیانەی ئەو دیدار و قسانەی لەگەڵ پەرلەمانتاراندا كردمان زۆربەیان بەو پرسە ڕازی بوونە و زۆربەشیان وێنەیەكی تەواویان لەبارەی كوردەوە دەستكەوتووە و زانییان ئەم تاوانەی دژ بەكورد ئەنجامدراوە چییە و چۆن ئەنجامدراوە. وتەنانەت هیچ ئیمزایەكی لەشاژنەوە ناوێت چونكە ئەم ئیمزایە تەنها بۆ یاسایەكن بۆ وڵاتی خۆیان.
ئایا دەبێتە كارتێك بۆ سەربەخۆیی؟
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتیكردەوە بە داواكردنی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی دژ بەكورد بەپلەیەك بیر لە كەسوكاری شەهیدان و ڕۆڵە و نەوەكانیان كراوە نەوەكو شتی دیكە و ئێستاش هەمان شت بیری لێدەكرێتەوە، هەروەها گوتی: ئێمە ڕاستە لەنێو مەترسی دەرچووین بەڵام ناشمانەوێ نە لێرە و نە لەشوێنی دیكەی جیهان دووبارە نەبێتەوە و هەركەسێك تاوانی لەدژدا كرابێت دەتوانێت هەمان كاری ئێمە بكات و ئێمە پاڵپشتیی دەكەین، ئێمە لەمێژە مافی سەربەخۆییمان هەیە نەوەكو ئێستا هاتبێتە یادمان وئێمە ئەو مەسەلەیەمان نەكردە ئامانجێك بۆ سەربەخۆیی، بەڵێ بەریتانیا بۆ ئەو مەسەلەیە گرنگە دەوڵەتێكی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشە وسەنتەرێكی گرنگی سیاسی وكۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنە لەجیهان و بێگومان هێشتا نەگەیشتووینەتە كۆتایی بەڵام لەكارناوەستین تا دوایین هەنگاو.

هەواڵی پەیوەندیدار