٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفین دزەیی: بابەتی مووچە وەکو کارتێکی سیاسی بەرامبەر بە مووچەخۆران بەکاردەهێنرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، ھەروەھا ئەو گیروگرفت و بەربەستانەکرا کە لەلایەن بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت. 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زۆرجار لێدوان دەدرێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکرێت، کە پابەندی ڕێککەوتنەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا نەبووە، بۆ ئەو مەبەستە، شیکردنەوەیەکی تەواو لەلایەن شاندی دانوستانکار و وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشکەشی نێردە دیپلۆماسییەکان کرا، کە ئارەزووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان دەربڕی کە ھەمیشە ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتانەی پێشتر گفتوگۆیان لەسەر کراوە.

گوتیشی، بابەتی مووچە وەکو کارتێکی سیاسی بەرامبەر بە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بەکار دەھێنرێت، سەرەڕای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی خۆی بڕیاری دا کە ئەو بابەتە نابێت بە سیاسی بکرێت، کە دەبێت حکوومەتی فیدڕاڵی جێبەجێی بکات.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوەشدا: لە کۆبوونەوەکەدا وردەکاری زیاتر پێشکەش بە نێردە دیپلۆماسییەکان کرا لەسەر ئەو تەمومژەی پیشتر ھەبوو، بۆیە دەیانەویست وەڵامەکان لە خودی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ببیستن، بۆ ئەوەی ھاوکاربن لە بەیەک گەیاندنی ھەولێر و بەغدا و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، کە ئومید دەکەین ٢٠٢٥ وەک ساڵانی ڕابردوو نەبێت.

ھەروەھا ڕاشیگەیاند، مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، بەشێکن لە ھاووڵاتیانی عێراقی، بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵی ئەرکەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ بکات، ھەروەھا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند بووە بە جێبەجێکردنی ھەموو ئەرکەکان بەرامبەر بەغدا.

هەواڵی پەیوەندیدار