سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كۆبووه‌وه

به‌غدا-KDP.info- لە چوارچێوەی به‌رنامه‌ى سەردانه‌كه‌یدا بۆ بەغدا، به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2025/1/13 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز مەحموود ئه‌لمەشهەدانی، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، کۆبووەوە.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌کان تاوتوێ کرا و جه‌خت له گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستووری عێراق، كرایه‌وه. هەردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێویستیى پەرەپێدانی هاریكاریى هاوبه‌ش، بە شێوەیەک کە یارمەتیی سەقامگیری و گەشەسەندن لە وڵات‌دا بدات.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی ڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەهێزکردنی دیالۆگی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات، به‌تایبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا کردەوە.
له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی داوای له سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران کرد له هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی فیدراڵیدا بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ڕۆڵی خۆیان ببینن، به جۆرێک که دادپه‌روه‌ری له ده‌ستبه‌رکردنی ماف و شایسته داراییه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا بکات، به‌تایبه‌تی پرسی دابینکردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان، وه‌ک هه‌موو عێراق.
له ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هەردوولا پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچه‌كه و گۆڕانگارییهكانى سووریایان تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هەموو لایەنەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییه‌كان كرده‌وه.




